لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان: پشتگیریی خۆبەخشی دەکەین تاوەکو دامەزراندن دەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەک سەندیکا داکۆکی لە مافی پزیشکانی ددان دەکەن بۆ دامەزراندن، بەڵام دەڵێت، "بارودۆخی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر نییە،" بۆیە پشتگیریی بڕیاری خۆبەخشی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 د. ئەحمەد پاڵانی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، پزیشکانی ددان لە بڕیاری خۆبەخشی سوودمەند دەبن، چونکە دامەزراندن راوەستاوە و ئەم بڕیارە یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و سوودوەرگرتن لە خوێندنی باڵا.
بە گوتەی د. ئەحمەد پاڵانی، هەر پزیشکێکی ددان ساڵێک خۆبەخشی بکات، دەتوانێت پشتگیریی کردنەوەی نۆرینگەی خۆی لە دەرەوەی شارەکان لە سەندیکا وەربگرێت، ئەوانەشی دوو ساڵ خۆبەخشی دەکەن، دەتوانن نۆرینگەی خۆیان لەنێو سەنتەری شار بکەنەوە.
د. ئەحمەد پاڵانی جەختدەکاتەوە، "وەک سەندیکای پزیشکانی ددان پشتگیری لە مافی پزیشکان دەکەین و ئومێدەوارین دامەزراندن بۆ پزیشکانی ددان بکرێتەوە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵانی داهاتوو ئەو پزیشکانەی خۆبەخشییان کردووە پشتگیریی زیاتریان لێدەکرێت بۆ دامەزراندن.