لە هەولێر پشکنینی ڤایرۆسەکان بۆ کەسانی بیانی دەدرێت بە کۆمپانیای تایبەت
رووداو - تەندروستی
بڕیارە لەمەودوا پشکنینە ڤایرۆسییەکان بۆ کەسانی بیانی لە تاقیگەی ناوەندییەوە بگوازرێنەوە بۆ نشینگەی هەولێر، کارمەندێکی تاقیگەی ناوەندیی هەولێریش ئەمەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، دەستکراوە بە کارکردن بە بڕیارەکە و لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-2-2025 کارمەندێکی تاقیگەی ناوەندیی هەولێر بۆ پشکنینە پزیشکییەکان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە بەجۆرێکە کە پشکنینی ڤایرۆسەکانی جگەر و ئەیدز کە لە تاقیگەی ناوەندیی هەولێر دەکران، لەمەودوا لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر دەکرێن و ناگەڕێنەوە بۆ تاقیگەی ناوەندی.
ئەو کارمەندەی هۆبەی پشکنینی ڤایرۆسەکان روونی دەکاتەوە، ئێستا کار دەکرێت بۆ کردنەوەی تاقیگە لە نشینگەی هەولێر و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە، بەمەش هەر بیانییەک لەوێوە پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەنجامەکانی دەدرێتەوە، ئەوەشی ئاشکراکرد کە خزمەتگوزارییەکانی دراون بە کۆمپانیایەکی تایبەت.
مازن فریا، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و بەڕێوەبەری پێشووی تاقیگە تایبەتییە پزیشکییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، هەموو پشکنینێکی ڤایرۆسی کە بۆ بیانییەکان بکرێت، پێویستە لە ژێر سەرپەرشتیی حکومەتدا بێت.
لەبارەی سلێمانیشەوە گوتی کە سێ ساڵە ئەو بڕیارە لەوێ هەیە کە نابێت تاقیگە تایبەتییەکان و کەرتی تایبەت پشکنینی ڤایرۆسەکان بۆ کەسانی بیانی بکەن و دەبێت هەموو لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی حکومەتەوە بێت.