راگەیاندنی دەزگای روانگە: بەدەم داوای تووشبووانی تالاسیمیا هاتین و خوێن دەبەخشین
رووداو - تەندروستی
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممە، دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی خوێن، هەڵمەتێکی خوێنبەخشین بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەڕێوەببات.
شەوکەت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە رایگەیاند، "داواکارییەکمان لە نەخۆشخانەی تالاسیمیاوە بۆ هاتووە کە خوێنیان کەمە، ئێمەش بەدەم داواکارییەکەیانەوە چووین."
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و سبەی سێشەممە لە سلێمانی و دهۆک دەبێت.
بە گوتەی شەوکەت ئەحمەد، "تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 100 خۆبەخش خۆیان تۆمارکردووە، لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش ژمارەکە لە 50 کەس کەمتر نییە."
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم هەڵمەتەکە، کەمیی کیسی خوێنە لە سەنتەرەکانی خوێنبەخشین، وەک بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای روانگە دەڵێت، "ئەگەرنا خۆبەخشێکی زیاتر بەدەم داواکارییەکەوە دەهاتن."
ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن، کارمەند و خۆبەخشانی دەزگای روانگەن. شەوکەت ئەحمەد جەخت دەکاتەوە، "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر کار و چالاکییەکانمان، هەم بۆ تووشبووانی تالاسیمیا و هەم بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان."