رۆژی جیهانیی بادەمە؛ هاوشێوەی دەرمانخانەیەکی سرووشتییە

رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بادەمە و مەبەست لێی باشتر ناساندنی ئەم خۆراکەیە بە خەڵک و هاندانیانە بۆ خواردنی، کەمکردنەوەی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن یەکێک لە سوودەکانیەتی.
 
دەزگای کشتوکاڵی ئەمریکی USDA رایدەگەیێنێت، رۆژانە مشتێک بادەم کە دەکاتە نزیکەی 23 دەنک و 28 گرام دەکرێت بڕێکی باش بێت بۆ دەستکەوتنی هەموو سوودەکانی ئەو خۆراکە. بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردنی بە کێشەی جیدی دادەنێت.
 
پێشنیازیش دەکات کە ورد بکرێت و تۆزەکەی بکرێتە نێو شیرینییەکانەوە بۆ ئەوەی هەم تام و چێژی شیرینییەکە زیاتر بێت و هەمیشە تەندروست بێت.
 
بەگوێرەی دەزگای کشتوکاڵی ئەمریکی USDA مشتێک بادەم کە بە نزیکەیی یەکسانە بە 28 گرام ئەمانەی تێدایە؛
 
3.5 گرام ریشاڵ
6 گرام پڕۆتین
14 گرام چەوری
48٪ـی ڤیتامین E
27٪ـی مەنگەنیز
18٪ـی مەگنسیۆم
ڤیتامین B2
164 کالۆری
6 گرام کاربۆهیدرات
 
گرنگترین 6 سوودی بادەم ئەمانەن؛
 
1- یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە (بەڵام دەبێت بە توێکڵەکەیەوە بخورێت، نەک بە سپیکراوی)
2- ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەم دەکاتەوە.
3- ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەم دەکاتەوە.
4- کاریگەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن.
5- کاریگەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.
6- ئاستی چەورییە خراپەکان کەم دەکاتەوە و یارمەتیدەرێکی نایابە بۆ کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵی خوێن.