جۆرێکی ماچکردن بەرگریی جەستە بەهێز دەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بواری مایکرۆبایۆلۆژی بە توێژینەوەیەکی ئاشکرای دەکات، جۆرێکی ماچکردن کە ناسراوە بە ''ماچکردنی قووڵ'' دەشێت سوودی زۆری هەبێت بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستە و هۆکارەکەی روون دەکاتەوە.
د. رێمکۆ کۆرت، زانای بواری مایکرۆبایۆلۆژی لە هۆڵەندا ئاشکرای دەکات، لە ''ماچکردنی قووڵ''دا لیکی دوو کەسەکە تێکەڵ بە یەک دەبن و بەرکەوتنی راستەوخۆی زمانی تێدایە. ئەمەش بەکتریا و میکرۆبەکانی نێو دەم لەنێوان دوو کەسەکەدا ئاڵوگۆڕ دەبێت.
توێژینەوەکەی لە سەرچاوەی جیهانیی ScienceDirect بڵاو کراوەتەوە و ئەو زانایایە پێی وایە، وەرگرتنی میکرۆب لەڕێگەی ماچکردنەوە وەکو کوتانێک وایە بۆ جەستە، چونکە ملیۆنان بەکتریا دەگوازرێنەوە و ئەمانەش دەشێت لەگەڵ بەرگریی جەستەدا کارلێک بکەن و جەستەیان پێ بەهێز ببێت.
ماچی قووڵ جگە لە میکرۆب، لیکیشی تێدایە کە هۆڕمۆنەکانی کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵیشی تێدایە و کاریگەریی لەسەر کەسی بەرامبەر دروستدەکات، ئەمەش دەشێت هەستی گیانی بە گیانی لای دوو کەسەکە زیاتر بکات.
لەکۆتاییدا هۆشداری دەدرێت کە هاوژینان لە تەندروستیی یەکدی دڵنیا ببنەوە ئینجا تێکەڵ بە یەکدی ببن، چونکە دەشێت هەوکردنێک لە یەکێکیانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی دیکە و تووشی نەخۆشیی مەترسیداری بکات.
''دەشێت لە ماچێکی 10 چرکەیی زیاتر لە 80 ملیۆن بەکتریا بگوازرێنەوە''
د. رێمکۆ کۆرت کە سەرپەرشتیاری ئەو توێژینەوەیەی لە زانکۆی ئەمستەردامی هۆڵەندا کردووە، دەریدەخات، لە ماچێکی 10 چرکەیی نێو دەم زیاتر لە 80 ملیۆن بەکتریا دەگوازرێتەوە.