توێژینەوەیەک: خواردن و خواردنەوە لەکاتی شۆفێریدا مەترسیدارترینن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئوسترالیا هۆشیاریی زیاتر دەدات سەبارەت بە مەترسییەکانی خواردن و خواردنەوە لەکاتی شۆفێریدا.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کانبێرا (UC) لە ئوسترالیا لەسەر ژمارەیەک شۆفێر کرا کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 82 ساڵ بوو، بە شێوازی جیاواز سەرنجیان تێکدرا بۆ شیکردنەوەی کاریگەرییەکان، چالاکییەکان بریتیبوون لە وەرگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی، گفتوگۆکردن، سەیرکردنی کورتەنامە و جووڵاندنی کوپ، دەرکەوتووە کە سەرقاڵکەرە رەفتاری و دەستییەکانی وەک خواردن و خواردنەوە و بەکارهێنانی مۆبایل زیانبارترینن و کاریگەرییان لەسەر توانای شۆفێری هەیە و بەشێوەیەکی بەرچاو سەرنج و توانای شۆفێر بۆ وەڵامدانەوەی رێگەوبان تێکدەدەن.
رام سوبرامانیان پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی کانبێرا دەڵێت،"سەرقاڵکەرەکانی دیکەی وەک کاردانەوە بەرامبەر گریانی منداڵێک یان قسەکردن لەگەڵ سەرنشینەکان دەکرێت رووداوی لێبکەوێتەوە، بۆیە زۆر گرینگە شۆفێرەکان هەمیشە سەرنجیان لەسەر شۆفێریکردنیان بێت."
رام سوبرامانیان ئاماژە بەوەدەکات نزیکەی 16%ی رووداوە گەورەکانی هاتووچۆ بەهۆی سەرقاڵبوونی شۆفێرەوە روودەدەن.