پسپۆڕێک باوترین ئەو هەڵانە ئاشکرا دەکات کە پێش جەژن و نەورۆز پێستی رووخسار تێکدەدەن
رووداو - تەندروستی
زۆرجار بەهۆی پێستێکی ناڕێک و دەرکەوتنی پەڵە و زیپکە لەکاتی بۆنەکاندا دەکرێت گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ دروستببن، یاخود کەسەکە کێشەی دەروونی بۆ دروستببێت و نائاسوودە بێت، ئەمە پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری روونی دەکاتەوە و هۆکارەکان باس دەکات.
د. سازان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار پێش بۆنەکان جوانکاری دەکرێت، لێکەوت و ماکەکانی جوانکارییەکە بۆ رۆژی بۆنەکە هەر دەمێننەوە، ئەمەش کێشەیەکی زۆر باوە.
د. سازان عوسمان دەڵێت: پێویستە خانمان شەوی پێش جەژن و نەورۆز هیچ دەرمان و مادەیەکی کیمیایی نوێ بۆ پێستیان تاقینەکەنەوە، بەتایبەت کرێمە تێکەڵەکان و ئەوانەی ستیڕۆیدیان تێدایە.
لەبارەی هەڵەکانیشەوە ئاماژە بە باوترینیان دەکات و دەڵێ، ''تاقیکردنەوەی مادەی تازە لەسەر پێست و دەستکاریکردنی رووخسار و هەڵکۆڵینی شوێنی زیپکە باوترینن'' بەڵام هۆشداریش دەدات کە هەمیشە هەفتەیەک پێش بۆنەکان شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکرێت بەتایبەت خەوی رێک و خواردنەوەی ئاوی پێویست.
ئەوەشی گوت ''خانمانی گەنج، تا پێستتان گەنج و تازەیە (خەوی رێک، ئاوخواردنەوەی پێویستی رۆژانە و رۆتینێکی باش لەژێر راوێژی پزیشک)ـتان هەبێت، ئیدی پێویستتان بە جوانکاری نابێت. بۆیە کارە جوانکارییەکان لەدوای تەمەنی 35 بۆ 40 ساڵی بکەن (ئەگەر پێویست بوو و پێستتان شل بووەوە)''.
دەقی وەڵامەکانی د. سازان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەبارەی هەڵەباوەکانی تێکدانی رووخسار لە پێش بۆنەکان؛
رووداو: زۆرترین ئەو هەڵانە چین کە وادەکەن، پێستی رووخسار لەکاتی بۆنەکاندا (جەژن، نەورۆز، سەری ساڵ و .....) بشێوێت؟
د. سازان عوسمان: باوترین هەڵەکان کە وادەکەن، پێستی رووخسار لەکاتی (جەژن، نەورۆز، سەری ساڵ و .....) بشێوێت دەکرێت ئەمانە بن؛
- تاقیکردنەوەی مادەی تازە لەسەر پێست.
- ئەنجامدانی کاری جوانکاری لە چەند رۆژێکی کەم پێش بۆنەکە (لەنیکەم 15 بۆ 30 رۆژ پێشوەختە بکرێت).
- دەستکاریکردنی رووخسار و هەڵکۆڵینی شوێنی زیپکە.
- هەڵەبەکارهێنانی ماسک و کرێمی پێست بەتایبەت بەبێ راوێژی پزیشک و لە ئۆنڵاینەوە بەکاربێت.
- کەمخەوی.
- دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی.
رووداو: لابردنی زیوان، مەساج و هایدرۆفایشاڵ یانیش بۆتۆکس و فیلەر دەبێت چەند رۆژ پێش جەژن و بۆنەکان بکرێن، تاوەکو پێست ئاسایی دەبێتەوە؟
د. سازان عوسمان: پێویستە هایدرۆفایشاڵ (پاککردنەوەی پێست) و لابردنی زیوان 5 بۆ 7 رۆژ پێش بۆنەکە و بۆتۆکس و فیلەریش دوو هەفتە پێش رۆژی بۆنەکە بکرێن، تاوەکو پێست لە رۆژی بۆنەکەدا ئاسایی ببێتەوە و ماکەکانی سووربوونەوە و ئاوسانی لەسەر نەمێنێت.
رووداو: لەیزەری موولابردن ماکی سووربوونەوەکەی چەند رۆژ دەمێنێتەوە؟
د. سازان عوسمان: سووربوونەوەی دوای ئەنجامدانی لەیزەری موولابردن 1 بۆ 3 رۆژ دەمێنێتەوە و باشترە لەیزەرەکە 3 بۆ 5 رۆژ پێش بۆنەکان بکرێت.
رووداو: خانمان شەوی پێش جەژن و نەورۆز چی نەدەن لە پێستیان بۆ ئەوەی بە باشی بهێڵدرێتەوە و تووشی سووربوونەوە و پەڵە نەبن؟
د. سازان عوسمان: پێویستە خانمان شەوی پێش جەژن و نەورۆز هیچ دەرمان و مادەیەکی کیمیایی نوێ بۆ پێستیان تاقینەکەنەوە، بەتایبەت کرێمە تێکەڵەکان و ئەوانەی ستیڕۆیدیان تێدایە.
رووداو: بۆیەی قژ چەند رۆژ پێش بۆنەکان بکرێت بۆ ئەوەی لە رۆژی جەژن و بۆنەکە بە باشی دەربکەوێت و هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەو رۆژەدا لەسەر رووخسار نەبێت؟
د. سازان عوسمان: پێویستە بۆیەی قژ هەفتەیەک پێش بۆنەکان بکرێت، تاوەکو ئەگەر هەستیاری و لێکەوتەی هەبوو، تا رۆژی بۆنەکە، چارەسەر ببێت. هەروەها بەهۆی ئەوەی سەرەتا بۆیەکە رەنگێکی تۆخ بە قژ دەدات، دوای چەند رۆژێک رەنگەکەی ئاسایی دەبێتەوە و جوانترین شێوەی خۆی لەسەر قژەکە پێشان دەدات.