لە پڕۆژەی (تەندروستیی 19) لە هەڵەبجە نزیکەی 17 هەزار منداڵ، خانم و بەساڵاچوو بەشدار دەبن
رووداو - تەندروستی
لە کۆتا رۆژی پێنجەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان پڕۆژەیەکی نوێی تەندروستی بۆ پارێزگای هەڵەبجە راگەیێندرا کە چەندین توێژی جیاواز لێی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2026 د. عەبدولفەتاح حەمەرەحیم هەورامی، پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی و سەرۆکی لیژنەی زانستیی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دەستیان بە پڕۆژەی تەندروستیی 19 لە هەڵەبجە کردووە و ئامانجەکەش منداڵ، خانمانی دووگیان و بەساڵاچووانن.
د. عەبدولفەتاح هەورامی دەڵێت: پڕۆژەکە لە شەش مەڵبەندی تەندروستیی هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت و سەرەتا 24 کەس مەشقی تایبەتیان پێدەدرێت، پاشانیش لە قوتابخانەکان منداڵانی 6 بۆ 12 ساڵ هۆشیار دەکرێنەوە کە دەگاتە نزیکەی 15 هەزار منداڵ.
بەگوتەی عەبدولفەتاح هەورامی، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا هەزار و 500 خانمی دووگیان و هەزار و 250 بەساڵاچوو هۆشیاریی تەندروستییان پێدەدرێت. تەنانەت 60 بەرپرس و خاوەن پۆستی ئیداریش خولێکی بەڕێوەبردن و کارامەییەکانی کارگێڕییان پێدەگوترێتەوە.
ئەو پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان تەنیا هەڵەبجە نییە و دەیانەوێت لە داهاتوودا پڕۆژەکە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکەن.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن لووتکەی تەندروستیی کوردستانەوە ئامادەکراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە و لەژێر سەپەرشتیی پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، درووشمەکەشی بریتییە لە "هەڵەبجەی تەندروست، نموونەیەک بۆ هەموو وڵات."