نەخۆشی و کێشە دەروونییەکان 200٪ لەنێو گەنجانی فەرەنسا زیاد بوون
رووداو - تەندروستی
لە فەرەنسا زەنگی مەترسی لەسەر دەروونی گەنجان دەدرێت. نووسەری کتێبێکی تایبەت بە پێشاندانی دۆخی دەروونیی ئێستای گەنجان، دەیەوێت هەمووان لە بارودۆخیان تێبگەن.
ماتیۆ پێرسان، نووسەر دەڵێت: ''بە لای منەوە پێش هەموو شتێک ئەم کتێبە بۆ دڵنیاکردنەوەی دایک و باوکان و قسەکردنە لەگەڵ خەڵکدا. ئەمە گێڕانەوەی چیرۆکێکە کە ناگێڕدرێتەوە، چونکە لەوەتەی بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر نامەم لە گەنجانەوە پێگەیشتووە کە دەڵێن، بۆ یەکەمجار ژیانیان نمایش دەکرێت و هەستیان پێدەکرێت''.
فیدراسیۆنی نەخۆشخانەکانی فەرەنسا دەریدەخات، دوای پەتای کۆڤید-19 بە رێژەی 200٪ نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێو گەنجاندا زیاد بوون. ئێستا لەکۆی حەوت نەوجەوان، یەکێکیان کێشەیەکی دەروونی هەیە، ئەمەش لە خانماندا زۆرە.
ئۆگوستن هێراویڵت، سەرۆکی دەستەی فیدراسیۆنی نەخۆشخانەکانی فەرەنسا گوتی، ''لێکۆڵینەوەکەمان قەیرانێکی گەورە و بێدەنگی تەندروستیی گشتی دەردەخات، ئەم قەیرانە بەر لە هەر شتێک کاریگەریی لەسەر خانمانی گەنج، تەنانەت کچانی تەمەن زۆر بچووکیش هەیە. بۆ نموونە رێژەی خەواندن لە نەخۆشخانە بەهۆی هەوڵەکانی خۆکوشتنەوە لەنێوان کچانی 10 بۆ 14 ساڵان لەماوەی پێنج ساڵدا 118% بەرزبووەتەوە''.
پسپۆڕان دەڵێن، هۆکارەکانی ئەم کێشەیە بۆ (پەتای کۆرۆنا، خراپبەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، کەمیی خزمەتگوزارییە دەرووندروستییەکان و دابرانی کۆمەڵایەتی) دەگەڕێتەوە.