بڕیاری وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئێشکگریی نەخۆشخانەکان، پزیشکانی هێناوەتە دەنگ

رووداو - تەندروستی

بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ مانەوەی پزیشکانی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەکان لەکاتی ئێشکگریدا کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی بڕیارەکە بە "نایاسایی" دەزانێت، لەکاتێکدا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە پشتگیریی دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-4-2026 د. گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە بوڵتەنی تەندروستی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "بڕیاری مانەوەی پزیشکان لەنێو نەخۆشخانەکان بڕیارێکی نایاساییە، ئەو بڕیارە درز لەنێوان پەیوەندیی پزیشکان و نەخۆش دروستدەکات، کێشەی کەمیی ئامێری پزیشکی و دەرمان هەیە، پێویستە ئەوانە چارەسەر بکرێن، ئەوکات بێیتە سەر ئەو بڕیارانە.
 
د. گۆران عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەکاربهێندرێن و پێویست ناکات هەموو پسپۆڕییە وردەکان لە نەخۆشخانەکان بمێننەوە، وە مەرجی مانەوەی پزیشکانەی بەستەوە بە دابینکردنی شوێنی مانەوە، شایستە داراییەکان و ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان.
 
لەلایەکی دیکەوە، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و گوتی، "من لەگەڵ بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستیم، هەموو ئەو پزیشکانەش کە بۆ هاونیشتمانییان دڵسۆزن لەگەڵ بڕیارەکەدان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەشت ساڵ پێش ئێستا لەبەر کەمیی کارمەندی تەندروستی لەگەڵ بڕیارێكی لەم شێوەیە نەبووم، بەڵام ئێستا پشتگیری دەکەم، چونکە ژمارەی پێویستی پزیشکمان هەیە." 
 
د. ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەکرد "شوێنی مانەوە لەنێو هەندێک بەڕێوەبەرایەتییەکان کەمە، بەڵام ئەوە نابێتە بیانو بۆ پزیشکان."
 
د. ئازاد مستەفا ئاشکرای کرد "هەندێک پزیشک زۆر کەم دەوامی فەرمی دەکەن و ناوی هەندێکمان داوە بە داواکاری گشتی."