تەندروستیی عێراق: ئامانج لە دانانی ستیکەر رێگریکردنە لە یاریکردن بە نرخی دەرمان

رووداو - تەندروستی 

لە عێراق لەڕێگەی دانانی ستیکەر نرخی دەرمان و کوالێتییەکەی رێکدەخرێت و لە سەرجەم دەرمانخانەکان دەبێت هەموو دەرمانێک ستیکەری بچووکی لەسەر بێت کە تێیدا زانیاریی تەواوی لەبارەی دەرمانەکە تێدایە، ئەمە وێڕای نرخەکەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دیاریکراوە.
 
خاوەن دەرمانخانەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم کارە متمانەی بەهێز لە نێوان خەڵک و بەرهەمەکانی دەرمان دروستدەکات و دەرمانسازێک دەڵێت: کاتێک هاووڵاتی دەرمانێک دەکڕێت کە لێی دڵنیابێت و جۆرەکەی باش بێت و نرخەکەی لەسەر ستیکەرەکە بێت، ئەوا متمانەی زیاتر لەلای بەکارهێنەران دروستدەکات.
 
غالب خەفاجی، دەرمانساز دەشڵێت: ''دانانی ستیکەری دەرمان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەبێت و سوودیشی بۆ ئێمە وەکو خاوەن دەرمانخانە ئەوەیە کە هاووڵاتییان متمانەیان بە ئێمە دەبێت''.
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوامن لە دابەشکردنی ملیۆنان ستیکەر بەسەر دەرمانخانە و شوێنە پزیشکییەکان، ئەوەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دەرمان و رێگریکردن لە یاریکردن بە نرخ و قاچاخچییەتیی دەرمان و ساختەکاری.
 
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت: "وەڵامدانەوەی ئەم بڕیارە جیاواز بووە، هەڵمەتی پێچەوانە بۆ دژایەتیکردنی ئەو رێکارانە لە هەندێک لە هۆکارەکانی راگەیاندن هەبووە، چونکە بە دڵنیاییەوە زیان بە هەندێک دەگەیێنێت کە پشت بەو رێگە نایاساییە دەبەستن لە هێنان، قاچاخچییەتی، ساختەکردنی دەرمان و فرۆشتنی بە نرخێکی نەگونجاو؛ وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دەرمان ئەو پاکێجە بڕیارانە جێبەجێدەکات". 
 
هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لەو دەرمانە دڵنیابێت کە دەیکڕێت لە رێگەی ئەو ستیکەرەی کە نرخ، شوێنی دروستکردن و بەسەرچوونی لەسەرە، ئەوەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەمووانە.
 
ئەم ستیکەرە بچووکە رەنگە باشترین چاودێری سەر دەرمان بێت کە یاریکردن بە نرخ نەهێڵێت و رێگری لە هێنانی دەرمان لە شوێنی نایاسایی بکات،چونکە بە گوێرەی تەندروستیی عێراق، ئامانج لە دانانی ستیکەر، رێگریکردنە لە یاریکردن بە نرخی دەرمان و پێشگیرکردن لە قاچاخچییێتیی دەرمان.