پسپۆڕێکی خانمان: لە هەر 10 خانمێک لە کوردستان 8 یان کیسی هێلکەدانیان هەیە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیەنێت، کۆنیشانەی زیندەچالاکی فرەڕژێنەری هێلکەدان لە هەرێمی کوردستان زۆر بڵاوە و لە هەر 10 خانمێک، نزیکەی 8 کەسیان ئەم حاڵەتەیان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 16-5-2026 د. سروە عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "هەر خانمێک هەستی کرد نیشانەکانی وەک دواکەوتنی سووڕی مانگانە، کێشەی دووگیانبوون، هەڵوەرینی قژ و دەرکەوتنی زیپکەی تێدایە، پێویستە سەردانی پزیشک بکات."
سەبارەت بە هۆکارەکانی، د. سروە دەڵێت، "هۆکارێکی سەرەکی و دیاریکراو بۆ ئەم حاڵەتە نییە، بەڵام شێوازی ژیانی ناتەندروست وەک وەرزشنەکردن، کەمخەوی و خۆراکی ناتەندروست، هۆکارن بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون."
د. سروە عەبدولڕەزاق جەختی لەوەش کردەوە، "کۆنیشانەی زیندەچالاکی فرەڕژێنەری هێلکەدان کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی منداڵبوون دەبێت، بەڵام راستەوخۆ نابێتە هۆی نەزۆکی."
دکتۆر سروە عەبدولڕەزاق، ئاماژەی بە مەترسییە درێژخایەنەکانی کۆنیشانەی زیندەچالاکی فرەڕژێنەری هێلکەدان کرد و گوتی، "ئەگەر چارەسەر نەکرێت، مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی، بەرگریی جەستە دژی ئەنسۆلین، هەروەها لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا شێرپەنجەی منڵدان (رەحم) زیاد دەکات."