ڤایرۆسی ئیبۆلا جارێکی دیکە لە ئەفریقا سەریهەڵدایەوە
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی ئۆگەندا یەکەم حاڵەتی تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا راگەیاند، کە پیاوێکی کۆنگۆیی بووە و دوای گەیشتنی بە کامپالای پایتەخت، گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پیاوەکە 3 رۆژ پێش مردنی لە نەخۆشخانەیەکی کامپالا خەوێندرابوو، بەڵام دوای گیانلەدەستدانی و ئەنجامدانی پشکنین، دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە.
بەپێی بەیاننامەی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی، هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ پیاوە تووشبووەکە هەبووە کەرەنتین کراون و تەرمی پیاوەکەش بۆ کۆماری کۆنگۆ گەرێندراوەتەوە، جەختیش دەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوونی ناوخۆیی لە ناو ئۆگەندا تۆمار نەکراوە و بارودۆخەکە لەژێر چاودێرییەکی ورددایە.
ئەم لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ رووبەرووی بڵاوبوونەوەیەکی نوێی ئیبۆلا بووەتەوە؛ ناوەندی ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC Africa) رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 246 حاڵەتی گوماناوی تۆمار کراون و 65 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا یەکێکە لە نەخۆشییە گوازراوە مەترسیدار و کوشندەکان، کە لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی لەشی کەسی تووشبوو، وەک خوێن و ئارەق، لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی خێرای باری تەندروستی.