پزیشکانی ددان لە هەرێمی کوردستان لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس خەڵک هۆشیار دەکەنەوە
رووداو - تەندروستی
نوێترین بەرنامەی دکتۆر ئاراس تایبەت بوو بە پزیشکانی گەنجی دەم و ددان و دەیان پزیشک لەنێو بەرنامە بەشداربوون؛ پەیامی سەرەکییان هۆشیارکردنەوەی خەڵک بوو لە پاراستنی دەم و ددانیان و گوتیان: دەکرێت نەخۆشییەکانی پووک و ددان ببنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن و کوژەر.
بەرنامەکە بەشێوەی راستەوخۆ بوو، کە هەموو شەوێکی پێنجشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت. ئەو پزیشکانە جەختریان لەوە کردەوە، پشکنینی هەمیشەیی دەم و ددان گرنگە و پێویستیشە هاونیشتمانییان خۆیان لەو خووانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی تێکچوونی ددان و پووک.
دکتۆر لینا هێرش، بەکالۆریۆس لە پزیشکی و نەشتەرگەریییەکانی دەم و ددان باسی تەندروستیی دەم و ددانی خانمان و بەتایبەتیش خانمانی دووگیان دەکات و دەڵێ، خانمانی دووگیان هەر لە سەرەتای دووگیانییەکەیان پزیشکی ددان ببینن و پشکنینی ددانیان بکەن.
دکتۆر لینا هێرش گوتی، خانمان وا هەست دەکەن کە لەماوەی دووگیانیدا چارەسەرییەکانی دەم و ددان مەترسیدارە، بەڵام ئەوە هەڵەیە و رەنگە هەوکردنی پووک کێشی کۆرپەلە کەم بکاتەوە و تووشی نەخۆشیی سکماکیشی بکات و پێشوەختەش لەدایکببێت.
لەبارەی سڕکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا ئاساییە سڕکردن بۆ چارەسەری دەم و ددانی خانمان بەکاربێت، بەڵام پێویستە لەلای پزیشکی پسپۆڕەوە لێیبدرێت.
دکتۆر ئیمان نیعمان، بەکالۆریۆس لە پزیشکی و نەشتەرگەریییەکانی دەم و ددان باسی ددانی منداڵان دەکات و دەڵێت: ددانی منداڵ زوو کلۆر دەبێت و زووش دەردێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هێشتا ددانی هەمیشەیی نەهاتووە. هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، منداڵ پێش هاتنی ددانی هەمیشەیی، پێشانی پزیشکی پسپۆڕ بدرێت.
دکتۆر ئیمان نیعمان هۆشداری دەداتە دایبابان و دەڵێ، ''هەڵەیە شیر و شیرینییەکان بدرێن بە منداڵ و دواتر ددانیان نەشۆن''، چونکە ئەو رایگەیاند، ئەگەر دوای خواردنەوەی شیر ددان بشۆردرێت، ئیدی ددانەکان پارێزراو دەبن لە میکرۆب و کلۆربوون.
لەکۆتاییدا ئەوەشی باسکرد کە پێویستە لەدوای خواردنی شیرینییەکان، دوای نیو کاژێر دەم و ددانی منداڵ بشۆردرێت نەک دوابخرێت.
دکتۆر فەڕەح موجاهید، پزیشکێکی گەنجی تازەدەرچووی پزیشکیی ددانە و ئەو بە بەهرەکەی بەشداریی بەرنامەکەی کردووە، وێنەکێشە و چەندین تابلۆی هێناوەتە نێو ستۆدیۆ و نمایشیان دەکات؛ ''تابلۆکانم رەنگدانەوە جوانیی ناخی ئافرەتان پێشاندەدات''.
دکتۆر بارزان بەکر، بەکالۆریۆس لە پزیشکی و نەشتەرگەریییەکانی دەم و ددان لە هەولێر باسی ئەو ددانە هەمیشەییە دەکات کە لەکاتی رووداوێکدا دەکەوێت و دەڵێ، پێویستە لەنێو شیر یاخود لیکدا دابنرێت و هەڵبگیرێت، هەتا دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە یاخود پزیشکێکی ددان بۆ ئەوەی ددانەکەی بۆ بچێندرێتەوە.
ئەو پزیشکە روونی دەکاتەوە، دوای ئەوەی ددانەکە خرایە نێو شیر، پێویستە لەماوەی 15 بۆ 30 خولەک بگەیێندرێتە لای پزیشکێک بۆ ئەوەی بۆ ئەو کەسە بچێندرێتەوە کە ددانەکەی کەوتووە.
دکتۆر هێڤار شوکری، پزیشکێکی دەم و ددانە لە دهۆک و باسی ئەو خۆراک و خووە خراپانە دەکات کە ددانی پێ کلۆر دەبێت، ئەو دەڵێت: قاوە و چا زۆر بخورێنەوە، ددانەکان زەرد دەکەن، پاشانیش شیرینییەکان هۆکارن بۆ خێراکلۆربوونی ددانەکان.
لەبارەی خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکانەوە گوتی، ئەوانە ترش و شیرینن و ژینگەیەکی لەبار لەنێو ددان و دەمدا دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی بەکتریاکانیان تێدا گەشە بکەن.
ئەو پزیشکە باسی جگەرە و ڤەیپی کرد و گوتی: هۆکارە بۆ دروستبوونی بەکتریاکان. تەنانەت دکتۆر لیناش ئەوەی ئاشکرا کرد کە خانمان و خانمانی دووگیانیش ڤەیپ دەکێشن. دکتۆر ئاراسیش دەڵێت: خانمان بەرپرسیارێتیی دروستکردنی مرۆڤێکیان لەئەستۆیە و هەر خانمێک بیەوێت منداڵ دروستبکات، نابێت جگەر و ڤەیپ بکێشێت.
دکتۆر نیاز ئەسعەد، پزیشکێکی دەم و ددانە و بە دڵێکی پڕەوە باسی دۆخی کارگێڕیی ئێستای پزیشکان ددان دەکات و رایگەیاند، بۆ ئەوەی هاونیشتمانییانمان زیاتر سوود لە پزیشکی ددان ببینن، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری کێشە و گرفتە کارگێڕییەکانی پزیشکانی ددان بکات.
ئەو باسی دوو کێشەی باو دەکات؛ یەکەمیان راگرتنی دامەزراندنی پزیشکانی ددانە کە لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە و ئەمەش بە مافی سەرەکیی دەرچووانی پزیشکیی ددان دادەنێت. دووەمیان راگرتنی ئێشکگریی پزیشکانی ددانە لە نەخۆشخانە حکومییەکان ئەمەش بەهۆی نەبوونی دامەزراندنەوە.
دکتۆر نیاز روونی دەکاتەوە، ئەگەر پزیشکی ددان لە دامەزراوە و نەخۆشخانە حکومییەکاندا دەوام نەکەن و نەبن یاخود رێژەیان کەم بێت، ئەوا نەخۆش و چارەخواز ناچار دەبێت بە تێچوویەکی زۆر بچێتە سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان کە لە توانای هەموو کەسێکدا نییە.