مووشەکی بالیستی پێنج مادەی مەترسیدار دەخاتە بەرگەهەوا؛ سییەکان پەک دەخەن و مێشک دەپووکێننەوە
رووداو - تەندروستی
جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و رۆژ بە رۆژ هێرشەکان چڕتر دەبن. سەتان مووشەکی بالیستی بەکارهاتوون و تەقێندراون. بەپێی سەرچاوە تەندروستی و پزیشکییە جیهانییەکان، هەر مووشەکێکی لەو جۆرە پێنج مادەی سەرەکیی تێدایە و چەندان لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر مرۆڤ و هەوا دروست دەکەن.
ئەم مادانەی خوارەوە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی ژینگە و هەوا دەبێت و رۆڵیان هەیە لە بارینی ترشەباران، زیانەکانیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەم شێوەیەن؛
ترشی هایدرۆکلۆر HCL
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، ترشی هایدرۆکلۆر لەگەڵ بەرگەهەوا تێکەڵ دەبێت و ترشەباران دروست دەکات، ئەمەش 'هەستەوەریی کۆئەندامی هەناسەدان، کزانەوەی بۆریی هەوا، سووربوونەوەی چاوەکان و هەناسەتەنگی' لێ دروست دەبێت.
گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن CO2
یەکێکی دیکە لەو مادانەی بەهۆی مووشەکی بالیستییەوە دەردەدرێت گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنە CO2 کە هۆکاری گەرمبوونی هەوا و کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجینە، بەمەش دەبێتە هۆی 'هەناسەتەنگی، سەرئێشە، سەرسووڕان، بێهۆشبوون، بێهێزی و لاوازیی بیرکردنەوە، پووکانەوەی مێشک و یادگە'.
کۆمەڵە گازەکانی ئۆکسیدی نایترۆجین NO
کۆمەڵە گازەکانی ئۆکسیدی نایترۆجین لە مووشەکە بالیستییەکانەوە دەردەدرێن، بەپێی ئاژانسی جیهانیی مادە ژەهراوی و نەخۆشخەرەکان ATSDR دەشێت ببنە هۆی 'رەبۆ، هەناسەتەنگی، جەڵتەی دڵ، گیرانی لوولەکانی خوێن، ترشە باران، هەوکردنە تووندەکانی بۆریچکەکانی هەوا و لاوازیی بەرگریی جەستە'.
گازی نایترۆجین N و گازی هایدرۆجین H
گازەکانی نایترۆجین و هایدرۆجین دوو مادەی سەرەکیی دیکەی نێو مووشەکە بالیستییەکانن و بەپێی توێژینەوەکانی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی، دەشێت ببنە هۆی 'کۆکەی درێژخایەن، زیخەی سینگ، هەناسەتەنگی، رەبۆ، پەککەوتنی سییەکان، ناڕێکیی گەشەی کۆرپەلە بۆ خانمانی دووگیان، مردنی پێشوەختە، جەڵتەی دڵ، سووتانی پێست و پووکانەوەی خانەکانی مێشک'.