بەرپرسێکی سەنتەری شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە دهۆک: دۆخی دەرمان لە ئاستێکی خراپدایە

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی نەخۆشییە نەگوازراوەکان لە سەنتەری شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە دهۆک رایدەگەیێنێت، دۆخی دەرمان لە ئاستێکی خراپدایە و بەشێکی زۆری نەخۆشەکان لە دەرەوە دەرمان دەکڕن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-7-2025 د. بڵند بەیار، بەرپرسی نەخۆشییە نەگوازراوەکان لە سەنتەری شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، کێشەی جیدیی کەمیی دەرمان لە پارێزگای دهۆک و بەتایبەتیش سەنتەرەکە هەیە و زۆرینەی نەخۆشەکانیش پێویستیان بە دەرمانی درێژخایەن هەیە.
 
ئەو پسپۆڕە رایگەیاند، پێنەدانی مووچە کاریگەریی لەسەر دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکان کردووە، چونکە بەشێکی زۆری دەرمانەکان گرانن و دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژیش بەکاربێن، ئەمەش پێویستی بە خەرجییەکی زۆر هەیە.
 
تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاد دەکەن و ساڵی رابردوو زیاتر لە 34 هەزار تووشبووی شەکرە لە پارێزگای دهۆک هەبووە کە تەنیا لە یەک ساڵدا هەزار و 400 تووشبووی نوێ لەو سەنتەرە تۆمار کراون. {بەدواداچوونێکی رووداو ببینە لەسەر تووشبووانی شەکرە}.