بەریتانیا گەورەترین پڕۆژەی سکانکردنی جەستەی مرۆڤ لە جیهاندا جێبەجێ دەکات
رووداو - تەندروستی
بەریتانیا گەورەترین پڕۆژەی سکانکردنی جەستەی مرۆڤ لە جیهاندا جێبەجێ دەکات و ئامانجەکە پشکنینی جەستەی 100 هەزار کەسە.
زانایانی ناوەندی بایۆبانکی ئەمریکی پشکنینی ئەندامەکان بۆ 100 هەزار کەس دەکەن، ئەمەش لەپێناو تۆمارکردنی زانیارییەکانیان و پێدانی بە توێژەران بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی نوێی چارەسەر و تێگەیشتنی زیاتر لە نەخۆشییەکان.
پڕۆفیسۆر نائۆمی ئالن، سەرۆکی زانای بایۆبانکی بەریتانیا دەڵێت، "زانیارییەکان بە تێچووی کەم دەخرێنە بەردەستی تیمەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ رێگریکردن لە حاڵەتە تەندروستییە باوەکان لە نەخۆشییەکانی دڵەوە تاوەکو شێرپەنجە''.
ئەو پڕۆفیسۆرە گوتی، زانایان دەتوانن گۆڕانکارییە سەرەتاییەکانی ئەندامی ئەو نەخۆشانە شی بکەنەوە.
پشکنینی MRI، تیشکی ئێکس و سۆنەر بۆ تەواوی جەستە بۆ بەشداربووانی توێژینەوەکە دەکرێن و وێنەی وردی خانەکانی مێشک و ئەندامەکان دەگیرێن، هەر خۆبەخشێکیش گیرۆدەی نەخۆشییەکی جیاوازە، بەڵام زانیاریی ئەم پشکنینە تیشکییانە نادرێنەوە بە ماڵباتی خۆبەخشەکان.
بایۆبانک چییە؟
بایۆبانکی بەریتانیا لە ساڵی 2003ـەوە دامەزراوە و یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکان بۆ کۆکردنەوەی نموونەی بایۆلۆژی و زانیاریی تەندروستی و پزیشکی لە جیهاندا، تاوەکو ئێستا زانیارییەکانی 500 هەزار کەسی تێدا تۆمار کراوە. خوێن، لیک، میز و شلەی شانەیی جەستەیان لێوەرگیراون و لەوێ هەڵگیراون.
بەڵام قۆناخی پشکنینە تیشکییەکان لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکردووە و ئامانجیەتی زانیاریی 100 هەزار کەس تۆمار بکات. هاوکات بایۆبانکەکە لەلایەن ئەنجوومەنی توێژینەوەی پزیشکی MRC، رێکخراوی Wellcome Trust و تەندروستیی بەریتانیا و سکۆتلاندەوە دامەزراوە.