د. دلێر شینە لە پۆدکاستی کلینیکاست: باڵۆنی گەدە زۆر باشە بۆ خۆلاوازکردن، بەڵام بەمەرجێک
رووداو - تەندروستی
یەکەمین وەرزی نوێی پۆدکاستی تەندروستی دەستیپێکرد بە ناوی کلینیکاست و میوانەکە د. دلێر شینە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتییە، ئەو دەڵێت: قەڵەویی نمرە یەک پێویست بە نەشتەرگەری ناکات و دەکرێت بە گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست، کەسەکە خۆی لاواز بکاتەوە.
د. دلێر شینە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی پێشنیاز دەکات، بۆ خۆلاوازکردنەوە پێویستە؛
- کاربۆهیدرات کەم بکرێتەوە وەکو 'شەکر، گەنم، نان، سەموون، میوە، پەتاتە، گوڵەبەڕۆژە و ساوەر'.
- جووڵە زیاد بکات و بەپێ بڕوات.
- جووڵەیەک بێت کە کەسەکە ئارەقە بکاتەوە.
ئەو لەبارەی تەکنیکێکی نوێی خۆلاوازکردن کە دانانی باڵۆنی گەدەیە گوتی، ''باڵۆنەکە لایەکی گەدە دەگرێت، بۆ ئەوەی زووتر هەست بە تێربوون بکەیت، بەڵام لە 3 رۆژی سەرەتادا کەسەکە ئازار بۆ دروستدەبێت و بە ئازارشکێن چارە دەکرێت''.
بەڵام هۆشداری دەداتە ئەوانەی باڵۆنی گەدەیان بۆ دانراوە بەتایبەت باڵۆنی ئاسایی کە ''ئەگەر دوای شەش مانگ دەرنەهێندرێت، ریخۆڵەکان دەگیرێن و دەشێت بە نەشتەرگەری دەربهێندرێت تەنانەت دەشێت کەسەکە تووشی برینی گەدەش بکات''.
پۆدکاستی کلینیکاست هەموو رۆژانی دووشەممە کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر پێشکێشدەکرێت و هەمان کات لە پەیجی فەیسبووکی رووداوی تەندروستی و رادیۆی رووداو بە شێوەی راستەوخۆ دادەنرێت.
د. هونەر رێبوار، پێشکێشکاری پۆدکاستەکە دەڵێت: لەگەڵ هەر بابەت و مژارێکی تەندروستی چەندان هۆشیاری و بابەتی جیدی تەندروستی باس دەکرێن کە تیایدا بینەر و گوێگر خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.
کلینیکاست، پۆدکاستێکی تەندروستیی گشتییە، چیرۆکەکانی نەخۆشخانە و گرفتە تەندروستییەکانی کۆمەڵگە دەخاتەڕوو، لەڕێگەی میوانی تایبەتمەندەوە هەرجارەو باسی کێشەیەکی تەندروستی دەکات و چارەسەرییەکانی روون دەکاتەوە. ئەم پۆدکاستە هەفتانە د. هونەر رێبوار پێشکێشی دەکات کە خۆشی پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتنە.