کارنامەی کۆمەڵ؛ پاراستن و چاکترکردنی ژینگەی عێراق یەکێکن لە کارەکانمان
رووداو - تەندروستی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی راگەیاندووە و دەڵێ، ''تێدەکۆشین بۆ جێبەجێکردنیان''، بەرنامەکەشی لە حەوت تەوەر پێکدێت.
حیزبی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا لە خاڵی چواری تەوەری دووەمیاندا دەڵێت، ''گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و فێرکارییەکان بە بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتییان'' جێبەجێ دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-10-2025 ساڵح حەمەڕەشید، بەربژێری حیزبەکە لە بازنەی سلێمانی کە تەندروستکارە و دیبلۆمی لە تیشك و سۆنەر هەیە بە رووداوی راگەیاند، سیستمی تەندروستی لە عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە و پێویستی بە چاکسازییەکی بنەڕەتی هەیە.
ساڵح حەمەڕەشید گوتی، ''یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نێو چاکسازیی سیستمی تەندروستیی عێراق، هاوتاکردنی ناونیشانی پسپۆڕییەکانە لەگەڵ بەرپرسیارێتی و شوێنی کارەکانیان''، تەنانەت گوتیشی ''کارنامەی کۆمەڵی دادگەری جێبەجێ دەکەین بۆ دەستخستنی بودجەی زیاتر بە تەرخانکردنی بڕی زیاتری دەرمان و پێداویستیی پاکژکردنی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان''.
لەنێو کارنامەکەدا باسی قەیرانی کەشوهەوا کرا و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە تەوەری پێنجەمی کارەکانیان دەڵێ، پاراستن و چاکترکردنی ژینگەی عێراق یەکێکە لە کارەکانیان و بایەخیش بە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن لە بەرەوپێشبردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا کەم بکەنەوە.
خاڵێکی تەوەری دووەمی کارنامەی حیزبەکە باسی ''هاندانی پێکهێنانی خێزان و پێدانی پێشینەی هاوسەرگیریی گونجاو'' دەکات، کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک لەڕووی گەشەی دانیشتووان و مرۆییەوە.