پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی: هەرگیز نەخۆش نەکەوتووم، چونکە تەندروستانە دەژیم

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی کوردی تەندروستیی گشتی رایدەگەیێنێت، پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست هۆکارێکە بۆ تەمەندرێژی و باشترکردنی کواڵیتیی ژیان، خۆیشی ئەوە پەیڕەو دەکات و تەندروستە.
 
د. ئالان دیلانی، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ دیزاین و تەندروستی لە فەرەنساوە بە رووداوی راگەیاند، هەرگیز نەخۆش نەکەوتووە و پەیڕەوی تیۆریی Salutogenesis  دەکات کە بایەخ بە ژینگەی تەندروست و تەندروست ژیان دەدات.
 
د. ئالان دیلانی 70 ساڵە و شێوازی ژیانی خۆی روون دەکاتەوە و دەڵێت: هەموو رۆژێک مەلە و وەرزش دەکەم و خۆراکە دژەئۆکسێنەرەکانی سیر، بەهارات و زەردەچەوە دەخۆم.
 
ئەو ئەوەش باس دەکات، جگە لەم، تەواوی خێزانەکەی شەکرەیان هەیە، لە کۆتاییشدا دەڵێ، رازیم لە ژیاندا و هەرگیز بەدوای پارە نەکەوتووم، چونکە ئەوە دڵخۆشی ناهێنێت و تەنیا ئامرازێکی ئاسانکردنی ژیانە.
 
ئەو پسپۆڕە سەرۆکایەتیی کۆنگرەیەک دەکات کە 29ـی ئەم مانگە تاوەکو 2ـی مانگی داهاتوو لە سەنگاپوورا ئەنجام دەدرێت و یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی، بەهێزکردنی سیاسەتی تەندروستیی گشتی بۆ بەردی بناخەیەکی کۆمەڵگەی تەندروستە.