گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک: جۆری خوێنە (ناقس)ـەکانمان کەمن و داوای بەخشین دەکەین

رووداو - تەندروستی

گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، لە بانکی خوێنی کەرکووک خوێنە (ناقس)ـەکان کەمن بەتایبەت -A و -O، هەر بۆیە داوای خوێنبەخشین دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-11-2025 سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، هەموو کەلوپەلێک لە بانکی خوێنی کەرکووک بەردەستە، بەڵام داوا لە خەڵک دەکات، خوێن ببەخشن بەتایبەت جۆرە ناقسەکان.
 
هەر ئەمڕۆ چەند خوێندکار و ستافێکی مامۆستایان و کارگێڕیی زانکۆی کەرکووک خوێنیان بەخشی بە نەخۆشانی تالاسیمیا و شێرپەنجە، ئەمەش لە هەڵمەتێکی خوێنبەخشیندا بوو کە تیمەکانی تەندروستیی کەرکووک خۆیان چوونە زانکۆکە و خوێنەکانیان هەر لەوێ وەرگرتووە.
 
وەرزی سەرما دەستیپێکردووە و گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتاکانەوە دەڵێت: باشترین رێگەی خۆپاراستن لێیان، ڤاکسینە و رێژەی گونجاویش بەردەستن لە بنکە و نەخۆشخانەکاندا. 
 
ئەوەشی باسکرد، کواڵیتیی ڤاکسینەکان باشن و سەلامەتن بۆ بەکارهێنان.