حەبێک بۆ بەهێزکردنی ئارەزووی سێکسیی خانمانی بەساڵاچوو پەسند دەکرێت
رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی حەبی Addyi بۆ خانمانی سەروو تەمەنی 65 ساڵ دەدات، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئارەزووی سێکسییە.
حەبەکە 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەو خانمانە پەسندکرا کە هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی نائومێدی و بەهۆی کەمیی ئارەزووی سێکسییەوە تووشی دڵەڕاوکێ دەبن.
حەبی Addyi، کە لەلایەن کۆمپانیای Sprout Pharmaceuticals بەرهەمدەهێندرێت، کاریگەریی لەسەر مێشک هەیە کە پەیوەستن بە ئاوەز و ئارەزووی خواردنەوە، دەزگای FDA هۆشداریی تووندی داوە لەبارەی بەکارهێنانی لەگەڵ خواردنەوە کحولییەکان، چونکە دەبێتە هۆی دابەزینی مەترسیداری پەستانی خوێن و لەهۆشچوون.
سیندی ئێکەرت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Sprout لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم رەزامەندییە رەنگدانەوەی دەیەیەکە لە کاری بەردەوام لەگەڵ FDA بۆ گۆڕینی تێڕوانینەکان بۆ تەندروستیی سێکسیی خانمان."
دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە ئاڵۆزە، چونکە چەندین هۆکار دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئارەزووی سێکسی هەبێت، بەتایبەتی دوای تەمەنی نائومێدی، کاتێک دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەکان دەبێتە هۆی چەندین گۆڕانکاریی بایۆلۆژی و نیشانەی پزیشکی. پزیشکان پێویستە چەندین کێشەی دیکە وەک کێشەی نێوان هاوژینەکان، نەخۆشی، خەمۆکی و کێشە دەروونییەکانی دیکە لەبەرچاو بگرن، پێش ئەوەی دەرمانەکە بنووسن.