پەتای وەرزی لە سۆران زیادیکردووە؛ رۆژانە 300 منداڵ سەردانی نەخۆشخانە دەکەن
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران رایدەگەیێنێت، تووشبوون بە پەتای وەرزی لە سنوورەکە زیادیکردووە و رۆژانە نزیکەی 300 منداڵ بەهۆی پەتا وەرزییەکانەوە سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکەن.
د. رێباز باڵەکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران رایگەیاند، "تێکەڵبوونی منداڵان لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکاندا هۆکارێکی سەرەکیی زیادبوونی پەتای وەرزییەکانە."
سەبارەت بە سەلامەتیی گیانی منداڵان، د. رێباز باڵەکی دڵنیایی دا و گوتی، "خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتا وەرزییەکانەوە تۆمار نەکراوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، پێکوتەی ساڵانەی پەتای وەرزی لە هەموو بنکە تەندروستییەکان بەردەستە و هاونیشتمانییان دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
د. رێباز باڵەکی رێنوێنیی دایکان و باوکانی کرد کە "شلەمەنیی زۆر بدەنە منداڵەکانیان و فێریان بکەن کە لەکاتی پژمیندا دەست لە چاوەکانیان نەدەن."