توێژینەوەیەک: خواردنی ڤیتامین D لەکاتی دووگیانیدا بۆ ددانی کۆرپەلەکە سوودی دەبێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە چین دەریدەخات، ئەو دایکانەی لەکاتی دووگیانیدا ئاستی ڤیتامین D لە جەستەیاندا لە ئاستی ستاندارد دایە، ئەگەری کلۆربوونی ددانی منداڵەکانیان کەمترە.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ژێجیانگ لە چین، لەسەر  چوار هەزار و 109 دایک و منداڵ کردووە، پشکنینی خوێن بۆ پێوانەکردنی ئاستی ڤیتامین D لە دایکەکان لە سێ مانگی یەکەم، دووەم و سێیەمی دووگیانیدا کراوە و دواتر پشکنینی ددانی منداڵەکانیان کراوە و دەرکەوتووە، بوونی ئاستی ستانداردی ڤیتامین D لە خوێنی دایکدا لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا، ئەگەری کلۆربوونی ددانی منداڵەکانیدا کەم دەکاتەوە.
 
زانکۆ چینیەکە پێشنیازیان کردووە، وەرگرتنی ڤیتامین Dـی پێش دووگیانی یان لەکاتی دووگیانیدا، دەتوانێت هۆکارێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کلۆربوونی ددانی منداڵان.
 
بەپێی راپرسییەکی نیشتمانیی تەندروستیی دەم و ددان لە چین لە ساڵی 2015، رێژەی کلۆربوونی ددان لە منداڵانی تەمەن 5 ساڵدا گەیشتووەتە 71.9%.