لە هەولێر دایکێک رێگەیەکی نوێ بۆ فێرکردنی منداڵە ئۆتیزمەکەی دەدۆزێتەوە

رووداو - تەندروستی

دایکێک رێگەیەکی نوێ بۆ فێرکردنی منداڵە ئۆتیزمەکەی دەدۆزێتەوە و دەڵێ، ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە دەتوانن سوود لەو کتێبە وەربگرن، بەگوتەی چارەسەرکارێکیش، دوای سێ بۆ شەش مانگ لە راهێنان منداڵانی ئۆتیزم سوود لە راهێنانەکان دەبینن.
 
سوهام یاسین، دایکی منداڵێکی ئۆتیزمە و پەرتووکێکی نووسیوە کە تایبەتە بە فێرکردنی منداڵانی ئۆتیزم و دەڵێت؛ لە پەرتووکەکەیدا زیاتر وێنەی بەکار هێناوە چونکە لەسەر شێوازی وێنە منداڵانی ئۆتیزم زیاتر فێری نووسین و خوێندنەوە دەبن چونکە توانای بینینیان بەهێزترە لە توانەی گفتوگۆکردن.
 
(خوێندن و نووسین بۆ کەسانی تایبەت بەشێوازێکی تایبەت) ناوی ئەوکتێبەیە کە سوهام یاسین بۆ خوێندن و فێرکردنی منداڵانی ئۆتیزم بۆ ماوەی ساڵیک لەدوو بەرگ نوسیویەتییەوە، خۆی منداڵێکی ئۆتیزمی هەیە و هەر ئەمەش وایکردووە ئەم کتێبە بنووسێتەوە و پێشکەشی تەواوی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لەهەرێمی کوردستان بکات.
 
بەڕێز عەبدوڵڵا، راهێنەری منداڵانی ئۆتیزمە و دەڵێ، یەکێک لەو کێشانەی زۆر باوە لەنێو منداڵاندا، کێشەی فێربوونی تایبەتە کە منداڵەکە وەکو منداڵانی ئاسایی بە سیستم و پڕۆگرامی قوتابخانە فێرنابن و دەبێت بە تایبەتتر کاریان لەگەڵدا بکرێت.
 
بەڕێز عەبدوڵڵا دەڵێت: کەمترن کات بۆ ئەوەی منداڵ سوود لە راهێنانەکان ببینێت، سێ بۆ شەش مانگە و دەکرێت لەو ماوەیە گۆڕانکاریی بنچینەیی ببیندرێن.
 
لەهەرێمی کوردستان 58 سەنتەری ئۆتیزم هەیە 11یان حکومین، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نزیکەی 4 هەزار منداڵی ئۆتیزم هەیە و ژمارەکەش بەردەوام زیادبوونە.