وەزیری تەندروستی: نرخی دەرمان زیاتر کەمدەکەینەوە
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان لە بازاڕی ئازاددا، نرخی دەرمان هێشتا ئەو نرخە نییە کە وەزارەت لەسەر ستیکەرەکان دایناوە و بە هەرزانتر دەفرۆشرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-2-2025 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، باشترین دەستکەوتی وەزارەتەکە لەم کابینەیە ئەوەیە کە کواڵیتیی دەرمان رێکخراوە و تەنیا ساڵی رابردوو پێنج تۆن دەرمان لەنێوبراون و 150 ملیۆن دیناریش پێبژاردنی سەرپێچیان بۆ کۆمپانیاکان کردووە.
بەگوتەی د. سامان بەرزنجی، هێشتا نرخی دەرمان کەمتر دەکەنەوە و داشکاندنی زیاتر دەکەن، تاوەکو نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان هاوتا بێت و دەرمانخانەکان نەتوانن هەرزانفرۆشتنیان بقۆزنەوە.
بەشێکی قسەکانی وەزیری تەندروستی لەبارەی دامەزراندن بوو و گوتی، وەزارەتی تەندروستی پێشەنگی ئەو وەزارەتانەیە کە پێویستی بە دامەزراندنی کارمەند و پزیشکە و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پارێزگای دهۆک کرد.
گوتەی د. سامان بەرزنجی لە میانەی بەشداریکردنی بوو لەکاتی پێشکێشکردنی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بۆ ساڵی 2024.