خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە: شەربەتە دەستکردەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەن
رووداو - تەندروستی
هۆبەی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە رایدەگەیێنێت، بە هەموو شێوەیەک شەربەتە دەستکردەکان کە لە مانگی رەمەزاندا فرۆشیان زیاد دەکات، قەدەخەن بفرۆشرێن و هەر کەسێکیش دروستیان بکات، سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-2-2026 د. تارا جەمال، بەرپرسی بەشی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، شەربەتی دروستکراوی خۆماڵی تەنیا رێگەپێدراوە کە لە ساردەمەنییەکان بفرۆشرێت، نەک سەر شەقام و فرۆشگەی رێگەپێنەدراو. هۆکارەکەش بۆ سەرچاوەی بەرهەمهێنانی شەربەتەکە دەگەڕێنێتەوە.
د. تارا جەمال دەڵێت: ئەو شەربەتانەی لە کارگەی فەرمی دروستکراون و مۆڵەتیان هەیە و سەرچاوەکانیان دیارن، ئاساییە لە فرۆشگە و ساردەمەنییەکانیش بفرۆشرێن.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، بە درێژایی مانگی رەمەزان لە چاودێریی بەرهەمەکانی سارمەنییەکانن و هەر نموونەیەک دەنێرن بۆ تاقیگەی پشکنینی خۆراک لە هەولێر تاوەکو دڵنیا ببنەوە لە کواڵیتیی رەنگی تێکراوی نێو شەربەتەکان.
لەنێو رێنوێنییەکانی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیەدا هاتووە کە پێویستە شیرینی و لوقمەقازییەکانی سەر شەقام و دووکانەکان سەرداپۆشراو بن. ''ئەوەشی پابەند نەبێت، سزای یاسایی و دارایی دەدرێت''.
تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداری دەداتە خاوەن ساردەمەنییەکان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە چەند خاڵێک هۆشداری دەداتە ساردەمەنییەکان و دەڵێ، پێویستە هەموو جۆرەکانی شیرینی و شەربەتەکان سەرچاوەی دروستکردنیان دیار بێت و لە شوێنە یاسایی و مۆڵەتپێدراوەکاندا دروستکرابن.