لووتکەی تەندروستیی کوردستان پڕۆژەی تەندروستیی 19 لە هەڵەبجە رادەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی

لووتکەی تەندروستیی کوردستان پرۆژەی تەندروستیی 19 لە پارێزگەی هەڵەبجە راگەیاند، کە ئامانجی سەرەکیی بەهێزکردنی تەندروستیی گشتییە و گرنگیی تایبەت بە خانمانی دووگیان، منداڵان و بەساڵاچووان دەدات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17-2-2026 گۆشان قەرەداخی بەڕێوەبەری کارگێڕیی لوتکەی تەندروستیی کوردستان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "هەڵبژاردنی هەڵەبجە بۆ ئەم پرۆژەیە لەبەر پێگە تایبەتەکەیەتی لە یادەوەریی کوردستان و عێراقدا، هەروەها بەهۆی ئەوەی بووەتە 19یەمین پارێزگای عێراق."گوتیشی، ئامانجێکی دیکەیان گۆڕینی ئەو وێنە باوەیە کە هەڵەبجە بە نەخۆشییەوە دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی بیکەنە پارێزگایەکی نموونەیی لە بواری تەندروستیدا.
 
 گۆشان قەرەداخی  ئاماژەی بەوەکرد "پرۆژەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت و لە شەش مەڵبەندی تەندروستیی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت و تێیدا نزیکەی چل هەزار هاونیشتمانی سوودمەند دەبن".
 
گۆشان قەرەداخی  روونیکردەوە کە ئەم پرۆژەیە لەلایەن دامەزراوەی لووتکەی تەندروستیی کوردستانەوە ئامادەکراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگەی هەڵەبجە و لەژێر سەپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، درووشمەکەشی بریتییە لە "هەڵەبجەی تەندروست، نموونەیەک بۆ هەموو وڵات."