بەهۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى تەبەق ناوچەیەکى نەینەوا دادەخرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى تەبەق لەنێو مەڕوماڵاتى ناوچەیەکى پارێزگاى نەینەوا، زیاتر لە 135 سەر مەڕ مرداربوون و بڕیادرا ناوچەکە دابخرێت، هەروەها سنوورى پارێزگاکە لەگەڵ پارێزگاکانى دیکە بۆ هێنان و بردنی مەڕوماڵات داخرا. 
 
ئەو نەخۆشییە لە ناوچەى گۆگجەلى لە رۆژهەڵاتى شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا بڵاوبووەتەوە. عەبدوڵڵا سەعید حەموو، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بە گوێرەى ئامارى سەرەتایی، 135 سەر مەڕ بەهۆى نەخۆشیى تەبەقەوە لە گۆگجەلى مردار بوون و 782 سەر مەڕى دیکەش تووش بوون". 
 
عەبدوڵڵا سەعید حەموو گوتى: "لە گۆگجەلى زیاتر لە 75 هەزار سەر مەڕ هەن. بڕیادراوە ئەو شوێنە دابخرێت و کێڵگەکانى بەخێوکردنى مەروماڵات کەرەتینە بکرێن و دەرمانپرژێن بکرێن تاوەکو نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ دەکرێت". 
 
بەگوێرەى ئامارەکانى حکومەتى خۆجێیی نەینەوا، 43%ـى سامانى ئاژەڵى عێراق لە سنوورى ئەو پارێزگایەیە. 
 
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى نەینەوا رایگەیاند، بڕیاردراوە بۆ ماوەیەک بردنی مەڕوماڵات بۆ نەینەوا قەدەخە بکرێت تاوەکو بە تەواوى کۆنترۆڵى نەخۆشیى تەبەق دەکرێت.