لە ئەڵمانیا خواست لەسەر خواردنەوە کحولییەکان 50٪ کەم بووەتەوە

رووداو - تەندروستی

پیاوێک خەریکە مەی دەخواتەوە. یەک بە دوای یەک بە بێ دوودڵی، پەرداخەکە دەنێت بە سەرییەوە. بەڵام مەست نابێت. چونکە شەرابی بێکحول دەخواتەوە.
 
بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی ئەڵمانیا، رۆژ بە رۆژ خواردنەوەی کحول کەمتر دەبێتەوە. لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا بەکارهێنەران 50٪ کەمی کردووە. ئێستا کارگەکانی خواردنەوە کحولییەکان دەیانەوێت خواردنەوەی بێکحول دروستبکەن.

ئێرنس بیوشەر، نوێنەری پەیمانگەی شەراب لە ئەڵمانیا دەڵێت: ''لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوودا شەرابی بێکحول گەشەی سەندووە و بەڕاستی دەتوانیت چێژی لێ ببینیت''.
 
ئێستا لە هەر 10 بیرەیەک، تەنیا یەکێکیان کحولی تێدایە و بۆ شەرابیش ئەمە کراوە. هاووڵاتییەکی ئەڵمانی دەڵێت: ''کەمێک شیرینە، ئەو تامە کحولییەی نییە کە شەرابی کحولدار هەیەتی''.
 
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن کەس بە کحول گیان لەدەستدەدەن، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە خواردنەوەی بێکحول بژاردەیەکی سەلامەتە.
 
د. ماتیو ماسکوێرا، پسپۆڕی چارەسەرکاری دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی هارڤارد کاریگەرییەکانی وازهێنان لە کحول بەپێی ماوەی وازهێنانەکە شیدەکاتەوە؛
 
دوای چەند رۆژێک لە وازهێنان؛
 
- خەوخۆشی و گەیشتن بە خەوی قووڵ
- ئاسوودەیی دەروونیی زیاتر دەبێت
- لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە
- پەستانی خوێن هاوسەنگ دەبێتەوە
- جەستە وزەیەکی زیاتری دەبێت
 
دوای هەفتەیەک لە وازهێنان؛
 
- سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەبێتەوە
- هۆرمۆنەکان هاوسەنگدەبنەوە
- ئارەزووی سێکسی دێتەوە باری ئاسایی خۆی
- تەندروستیی جگەر باشتردەبێت و هەوکردنی کەم دەبێتەوە
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و هەوکردنی جگەر کەمدەبێتەوە
 
دوای یەک مانگ لە وازهێنان؛
 
- پیست دەدرەوشێتەوە
- ئاستی هەڵمژینی مادە خۆراکی و ڤیتامینەکان لەلایەن جەستەوە ئاسایی دەبێتەوە
- کێش کەمدەبێتەوە بەهۆی نەمانی کالۆریی نێو کحول {بەمەرجێک خۆراکی پڕ لە کالۆریی نەخورێت}
- بە تەواوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەهۆی کحولەوە کەم دەبێتەوە
- خەو باش دەبێتەوە و لەڕووی دەروونییەوە کەسەکە بە تەواوی ئاسوودە دەبێت
 
دوای سێ مانگ لە وازهێنان؛
 
- مێشک دەستدەکات بە دووبارە چاکبوونەوەی خانە تێکشکاوەکان
- توانا هزرییەکان و توانای بیرکردنەوە ئاسایی دەبنەوە
- دڵەڕاوکێ نامێنێت
- زیاتر کەسەکە دەکەوێتە نێو خەوی قووڵەوە
- جەستە هەست بە پشوودانی زیاتر دەکات
 
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە وازهێنان؛
 
- سیستمی بەرگریی جەستە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە و بەهێزدەبێت دژی شێرپەنجە و هۆکارەکانی نەخۆشی
- کەمتر جەستە تووشی پەتا وەرزییەکان دەبێت
- فەرمانەکانی هەرسکردن ئاسایی دەبنەوە
- شێداریی جەستە ئاسایی دەبێتەوە و تینوویەتی و وشکبوونەوە نامێنن
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پەیوەست بە کحول کەم دەبێتەوە
- هەستەکان ئاسایی دەبنەوە و جەستە لە کحول پاک دەبێتەوە