بەڕێوەبەرێکی ئوسترالی بە زیرەکیی دەستکرد ڤاکسینێکی شێرپەنجە بۆ سەگەکەی دروستدەکات
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی لە ئوسترالیا، ڤاکسینێکی تایبەتی شێرپەنجەی بۆ سەگەکەی دروستکردووە کە تووشی شێرپەنجە ببوو، بۆ ئەمەش پشتی بە زیرەکیی دەستکرد (AI) بەستووە.
پۆڵ کەنینگهام، دامەزرێنەری کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە لە ئوسترالیا، رایگەیاند هەرچەندە پزیشک نیم بەڵام بە بەکارهێنانی ChatGPTی کۆمپانیای OpenAI و AlphaFoldی کۆمپانیای Google DeepMind، سەرکەوتووانە ڤاکسینەکەم دیزاین کردووە.
پاڵنەری سەرەکیی کەنینگهام، سەگەکەی بوو کە ناوی "رۆز"ە و تەمەنی 8 ساڵە، تووشی گرێی "ماست سێڵ" ببوو کە جۆرێکە لە شێرپەنجە و پێشبینی دەکرا تەنیا چەند مانگێکی کەم بژی، کەنینگهام دی ئێن ئەی (DNA) گرێیەکەی شیکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییە بۆماوەییانەی کە هۆکاری شێرپەنجەکەن و ڤاکسینێکی تایبەتی بۆ لەناوبردنیان دیزاین کرد.
ڤاکسینەکە لەلایەن پەیمانگەی ئاڕ ئێن ئەی (RNA Institute) لە زانکۆی نیو ساوس وێڵز (UNSW) بەرهەمهێنرا، پەیمانگەکان رایانگەیاند: "بە بەکارهێنانی ئەو زنجیرە بۆماوەییەی کە کەنینگهام دیزاینی کردبوو، توانیمان لە کەمتر لە دوو مانگدا ڤاکسینەکە دروستبکەین."
دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە، تەندروستیی رۆز بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوو، پۆڵ کەنینگهام دەڵێت: "قەبارەی گرێیەکە بە رێژەی نزیکەی 75% کەمیکردووە، لە سەرەتایدا بەهۆی شێرپەنجەوە لاواز بوو و بە زەحمەت دەجووڵا، بەڵام ئێستا تەندروستی زۆر باشە."
کۆمپانیا گەورەکانی وەک مۆدێرنا و بایۆنتێک ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی کلینیکین لەسەر ڤاکسینی شێرپەنجەی mRNA کە بەپێی گۆڕانکارییە بۆماوەییەکانی گرێی شێرپەنجەیی هەر نەخۆشێک بە شێوەی تایبەت دروستدەکرێن.