پسپۆڕێکی ژنان هۆکار و رێنماییەکان لەبارەی لەبارچوونی منداڵەوە دەخاتەڕوو
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون چەند هۆکار و رێنوێنییەکی گرنگ لەبارەی لەبارچوونی دووبارەوە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-5-2026 د. بوشرا جەرجیس پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان، منداڵبوون و نەزۆکی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "لەبارچوون بریتییە لە لەناوچوونی کۆرپەلە لەنێو سکی دایکیدا بەر لە هەفتەی 24ی دووگیانی، باوکانیش هۆکارێکی لەبارچوونی منداڵن ."
د. بوشرا جەرجیس ئاماژەی بەوەکرد،"هەموو خوێنبەربوونێک لە سەرەتای دووگیانیدا بە مانای لەبارچوون نایەت، هەندێکجار نیشانەی خۆ جێگیرکردنی کۆرپەلەیە لە دیواری منداڵداندا، یان کۆبوونەوەی خوێنە لە دەوری کۆرپەلە."
د. بوشرا جەرجیس چەند رێنماییەکی گرنگی بۆ خانمانی دووگیان خستەڕوو و گوتی "خانمانی دووگیان نابێت لە 12 کیلۆگرام زیاتر هەڵبگرن، تەنیا وەرزشی مەلەکردن، پیاسەکردن و یۆگە بکەن و پێویستە لە وەرزشی ئەسپسواری، خلیسکێنێ و بۆکسێن دووربکەونەوە."
لە کۆتایدا د. بوشرا جەرجیس دەڵێت "هیچ خۆراکێکی دیاریکراو نییە کە راستەوخۆ ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ، بەڵام ئێمە رێنمایی خانمان دەکەین لە گۆشتی باش نەکوڵاو، سەوزەی باش نەشۆراو، کافاینی زۆر و خواردنەوە گازییەکان دووربکەونەوە."