توێژینەوەیەک: خانمان زیاتر لە پیاوان پێویستیان بە خەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات خانمان پێویستیان بە خەوی زیاترە بەراورد بە پیاوان، هەروەها زیاتر تووشی کاریگەرییە لاوەکییەکانی کەمخەوی دەبنەوە.

توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پزیشکیی دیوک لە ئەمریکا، لەسەر ژمارەیەک پیاو و خانمی تەمەن ناوەند ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو خانمانەی کەمخەون، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی، تووڕەیی و نائارامیی دەروونی هەیە.
 
ئێدوارد سوارێز سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بۆ خانمان کەمخەوی پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئاستی بەرزی گوشاری دەروونی و هەستکردن بە خەمۆکی و تووڕەییەوە هەیە، بە پێچەوانەوە ئەم هەستانە لە پیاواندا بە هەمان رادەی تێکچوونی خەو پەیوەست نەبوون."
 
پرۆفیسۆر د. جیم هۆرن بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی خەو لە زانکۆی لۆفبۆرۆ دەڵێت، "خانمان مەیلیان بۆ فرەئەرکی هەیە، واتە لە یەک کاتدا چەندین کار دەکەن و نەرمونیانن، بۆیە بەشێکی زیاتری مێشکیان بەکاردەهێنن، هەر بەهۆی ئەمەشەوە پێویستیان بە خەوی زیاترە."
 
پرۆفیسۆر د. جیم هۆرن روونی دەکاتەوە، "مێشکی خانمان جیاوازتر لە پیاوان پێکهاتووە و ئاڵۆزترە، بۆیە پێویستیان بە خەوی زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پیاوەی کارێکی ئاڵۆزی هەبێت کە پێویستی بە بڕیاردانی زۆر و بیرکردنەوەی فرەلایەنە هەبێت، رەنگە پێویستی بە خەوی زیاتر بێت لە پیاوێکی ئاسایی، بەڵام رەنگە هێشتا هێندەی خانمێک نەبێت."