پسپۆڕێک: بنکەی ئەتۆمی بتەقێتەوە هەمووان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەیان دەبێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بەرگریزانیی جەستە ترسناکیی تەقینەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکان باس دەکات و دەڵێت: هەمووان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەیان دەبێت و کاریگەریی لەسەر پیسبوونی خاک، ئاو و هەواش دەکات.
د. تۆڵە فەرەج، پسپۆڕی بەرگریزانی و مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی تیشک ئەم مەترسییانە روون دەکاتەوە؛
- تەقینەوەی ئەتۆمی بڕێکی زۆر لە وزە لە شێوەی تەقینەوە، گەرمی و تیشکدا بڵاو دەکاتەوە.
- تەقینەوەکە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسانی نزیک لە شوێنی تەقینەوەکە، هەروەها دەبێتە هۆی برینداربوونی سییەکان، زیانگەیاندن بە گوێ و خوێنبەربوونی ناوەکی.
- تیشک و گەرمیی تەقینەوەی ئەتۆمی ئەوەندە چڕ و پڕە کە هەموو گیاندارێکی نزیک بە هەڵم دەکات.
- تەنانەت ئەو کەسانەی لە پەناگە و ژێرزەمینییەکاندان بەهۆی کەمیی ئۆکسجین و ژەهراویبوون بە یەکەئۆکسیدی کاربۆن، ئەگەری مردنیان هەیە.
- چەکی ئەتۆمی تیشکی ئایۆنی بەرهەم دەهێنێت، ئەو کەسانەی بەرکەوتەی ئەم تیشکانەن گیانلەدەستدەدەن یان نەخۆش دەکەون، تەنانەت ژینگەش پیس دەکات و لێکەوتەی تەندروستیی درێژخایەنیشی لەسەر مرۆڤ دەبێت بەتایبەت شێرپەنجە.
- کاریگەرییە تەندروستییە دەستبەجێیەکان وەکو 'رشانەوە، سکچوون، هەڵوەرینی قژ، خوێنبەربوون، سووتانی تەواوی جەستە و مردن لەماوەی چەند رۆژێک یان هەفتەیەکدا بەپێی رێژەی تیشکی بەرکەوتوو'.
- ئەنجامە تەندروستییە درێژخایەنەکان بریتین لە 'زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی خوێن، غودە، مەمک و سییەکان، گۆڕانکاریی بۆماوەیی، ئەگەری ناتەواوی و کەموکوڕیی لەدایکبوون لە کەسانی رزگاربوو'.
- سەڕهەڵدانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، تێکچوونی کۆئەندامی هەناسەدان و تێکچوونی بەرگریی جەستە.