جگە لە جینەکان، ژیریی مرۆڤ پەیوەستە بە چییەوە؟
رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوە نوێیەکان، ژیریی مرۆڤ تەنیا پەیوەست نییە بە جینەکانەوە، بەڵکو شێوازی ژیان و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن.
پڕۆفیسۆر لەینی دەی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە زانکۆی میسیسیپی لە ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، گۆڕانکاریی سادە لە خووەکانی رۆژانەدا وەکو خۆراکی تەندروست، وەرزش و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مێشک بپارێزێت.
پڕۆفیسۆر لینی دەی ئاماژە بەوە دەکات، بناخەی تەندروستیی مێشک لە قۆناخی منداڵیدا دادەنرێت. ئەو دەڵێت: "گەورەترین کاریگەرییەکانی ژینگەی دەرەکی لەسەر مێشک لە قۆناخی سەرەتای منداڵیدا روودەدەن."
بۆ پاراستنی توانای مێشک لە تەمەنی پیریدا، پڕۆفیسۆر دەی چەند رێکارێکی سادە پێشنیاز دەکات؛ یەکێکیان پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمێکی خۆراکیی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خۆراکی ئامادەکراو (پرۆسێسکراو)، هەروەها وەرزشێکی سادە وەک رۆیشتنی رۆژانە (6000 هەنگاو بەسە)، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی هەبێت.
پەیامە سەرەکییەکە ئەوەیە: "هەر شتێک لە هیچ باشترە. بۆیە پسپۆڕان رێنوێنیی خەڵکی دەکەن کە تەنیا لەسەر کورسییەک دانەنیشن و بەدیار فیلم و شاشەکانەوە ژیانیان بەسەر ببەن''، چونکە دەشێت بە جووڵەیەکی کەمیش ئەگەری نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەکو ئەڵزهایمەر، پارکینسن و شەکرە کەم ببێتەوە.