لە هەولێر پیاوێک تووشی جەڵتەیەکی تووند دەبێت، ''لەکاتی زێڕیندا'' دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و رزگاری دەبێت

رووداو - تەندروستی

لە هەولێر تووشبوویەکی جەڵتەی مێشک سەرەڕای ئاڵۆزیی دۆخەکەی، دوای چارەسەر و بەهۆی زووبردنی بۆ نەخۆشخانە، دۆخی تەندروستیی ئاسایی بووەتەوە و پزیشکان دەڵێن، ئەگەر درەنگ هێنرابایە نەخۆشخانە، لایەکی جەستەی ئیفلیج دەبوو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-11-2025 دکتۆر هاوژیر تەها، پزیشكی پایەبڵندی هەناو کە نەخۆشەکەی بینیوە و سەرپەرشتیی کردووە؛ بە رووداوی راگەیاند، ئەوە پیاوێکی 69 ساڵ بووە و لە قۆناخی پێش تووشبوونی بە شەکرە بووە و هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیشی نەبووە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە تووشی مەیینی خوێن لە لوولەکانی مێشکی (جەڵتەی مێشک) بوو.
 
دکتۆر هاوژیر تەها دەڵێت: ئەو نەخۆشە لایەکی جەستەی لەکار کەوتبوو و قسەکردنیشی شێوا بوو کە خێزانەکەی زانیبوویان ئەم نیشانانەی هەیە، دەستبەجێ هێنایانە نەخۆشخانە. 
 
ئەو نەخۆشە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەولێر بووە و پسپۆڕێکی مێشک و دەمار سەرپەرشتیی دۆخەکەی کردووە، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ''ئەگەر نەخۆشەکە درەنگ بهێندرایەتە نەخۆشخانە، ئەوا لایەکی جەستەی ئیفلیج دەبوو''.
 
د. عەبدولڕەحمان عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار دەڵێت: ئەو نەخۆشە لەکاتی زێڕیندا هێنراوەتەوە نەخۆشخانە، هەر بۆیە هیچ قەستەرەیەکی نەویستووە و تەنیا بە بەکارهێنانی دەرمانی خوێنشلکەرەوە، دۆخی ئاسایی بووەتەوە.
 
کاتی زێڕین؛ ئەو کاتەیە کە لەماوەی سێ کاژێر یاخود ئەوپەڕی چوار کاژێر دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتەی مێشک و دڵ، نەخۆش چارەسەر وەردەگرێت جا قەستەرە بێت یاخود پێدانی خوێنشلکەرە و چەند کردەیەکی پزیشکی دیکە. (بۆیە دوای جەڵتە چەند زووتر بگەیێندرێتە نەخۆشخانە، ژیانی زیاتر دەپارێزرێت).
 
د. عەبدولڕەحمان عەزیز هۆشداری دایە هاونیشتمانییان کە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە، بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن، بۆ ئەوەی جەڵتە کاریگەریی درێژخایەن و مەترسیداری لەسەر نەخۆش نەبێت و چارەسەریش ئاسان بێت؛
 
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین