بۆچی یەک بەخشەری سپێرم دەبێتە باوکی سەدان منداڵ؟

رووداو - تەندروستی

بەخشینی سپێرم رێگە بەو خانمانە دەدات ببنە دایک کە لە رێگەی دیکەوە بۆیان ناکرێت، بەڵام ئەم دیاردەیە بووەتە پیشەسازییەکی گەورە و وایکردووە هەندێک پیاو لە رێگەی بەخشینی سپێرمەوە ببنە باوکی سەدان منداڵ.
 
زۆربەی سپێرمی پیاوان کواڵیتی پێویستیان نییە
 
کەمتر لە 5 لە هەر 100 پیاوی خۆبەخش، کواڵیتی سپێرمیان ئەوەندە باشە کە بتوانن ببنە بەخشەر، سەرەتا دەبێت ژمارەی سپێرمەکان (sperm count) پێویست بێت، دواتر پشکنینی جووڵە (motility) و شێوەی (morphology) سپێرمەکان دەکرێت، هەروەها دەبێت سپێرمەکە توانای مانەوەی هەبێت دوای بەستن و هەڵگرتنی لە بانکێکی سپێرمدا.
 
لە بەریتانیا، مەرجە بەخشەر تەمەنی لەنێوان 18-45 ساڵ بێت، هیچ نەخۆشییەکی گوازراوەی وەک ئایدز نەبێت و هەڵگری ئەو گۆڕانکارییە بۆماوەییانە نەبێت کە دەبنە هۆی نەخۆشیی بۆماوەیی.
 
سارا نۆرکرۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی خێرخوازیی Progress Educational Trust دەڵێت، کەمیی بەخشەری سپێرم وایکردووە ببێتە "کاڵایەکی بەنرخ" و "بانکەکانی سپێرم و کلینیکەکانی منداڵبوون، بۆ پڕکردنەوەی خواست، زۆرترین سوود لە بەخشەرە بەردەستەکان وەردەگرن."
 
سپێرمی هەندێک بەخشەر خواستی زیاتری لەسەرە
 
لەناو ئەو ژمارە کەمەی بەخشەراندا، سپێرمی هەندێک پیاو خواستی زیاتری لەسەرە، وەرگرانی سپێرم دەتوانن سەیری وێنەی بەخشەرەکان بکەن، گوێ لە دەنگیان بگرن، بزانن چ کارێک دەکەن، باڵا و کێشیان چەندە و زانیاریی دیکەش.
 
پرۆفیسۆرد. ئالان پێیسی، پسپۆڕی کۆئەندامی میزەڕۆ دەڵێت، "ئەگەر بەخشەرێک قژی زەرد بێت، باڵای 1.93م بێت، وەرزشوان بێت و حەوت زمان بزانێت، ئەوا سەرنجڕاکێشترە لە بەخشەرێکی دیکە."
 
کام وڵات زۆرترین بەخشەری سپێرمی هەیە؟
 
دانیمارک بووەتە هەناردەکارێکی جیهانیی سپێرم و ناوبانگی بەرهەمهێنانی "منداڵی ڤایکینگ"ی دەرکردووە.
 
پەڕینەوەی سپێرم لە سنوورەکان
 
یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە سپێرمی یەک بەخشەر بۆ چەندین وڵاتی جیاواز دەنێردرێت، هەرچەندە هەر وڵاتێک یاسای خۆی هەیە بۆ سنووردارکردنی ژمارەی بەکارهێنانی سپێرمی یەک پیاو، بەڵام هیچ شتێک رێگر نییە لەوەی سپێرمی هەمان بەخشەر لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا بەکاربهێنرێت، تاوەکو ئەو کاتەی رێسا ناوخۆییەکان جێبەجێ دەکرێن.
 
ئەمە دۆخێک دروستدەکات کە بەخشەرێکی سپێرم بە شێوەیەکی یاسایی دەتوانێت ببێتە باوکی ژمارەیەکی زۆر منداڵ، لەکاتێکدا زۆرجار خودی بەخشەرەکە ئاگاداری ئەم راستییە نییە.