تەندروستیی جیهانی: گۆڕاوێکی نوێی ئەنفلەوەنزا بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا سەریهەڵداوە و بە خێرایی بڵاو بووەتەوە بۆ تەواوی جیهان. ''ڤاکسین باشترین بەرگرییە دژی گۆڕاوەکە''.
د. وێنچینگ ژانگ، بەرپرسی بەشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە جیهاندا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ئەم ساڵ گۆڕاوێکی نوێی ئەنفلەوەنزا بە ناوی H3N2 سەریهەڵداوە کە یەکەمجار لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا لە وڵاتانی ئوسترالیا و نیوزلاند دۆزراوەتەوە و ئێستا بە 30 وڵاتدا بڵاو بووەتەوە.
د. وێنچینگ ژانگ دەشڵێت، ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا هەمیشە لە گۆڕاندان و پێویستە ساڵانە ڤاکسینی ئەنفلوەنزا لێبدرێت، چونکە تاوەکو ئێستاش بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن، ڤاکسین تا رێژەیەکی زۆر سوودی دەبێت دژی ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا.
بەپێی WHO، ساڵانە نزیکە ملیارێک تووشبووی ئەنفلەوەنزا تۆمار دەکرێن، لەو ژمارەیەش پێنج ملیۆنیان تووشی نیشانەی تووند دەبن و زیاتر لە 600 هەزار کەسیش گیان لەدەستدەدەن.
گۆڕاوی نوێی H3N2ـی ئەنفلەوەنزا چییە و جیاوازی چییە؟
بەپێی ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا، لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دوو شێوەی جیاوازی ئەنفلەوەنزا ئەم گۆڕاوە دروستبووە و دەبێتە هۆی هەناسەتەنگیی تووند، سەرئێشە، تای بەهێز و داهێزران بەتایبەت لە بەساڵاچوواندا.
لە هەندێک نەخۆشی ئەم ڤایرۆسە، سکچوون، رشانەوە و ئازاری جەستە بینراوە کە ئەمە جیای دەکاتەوە لە جۆرەکانی دیکەی ئەنفلەوەنزا.
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.