ئایا بەکتریا هەیە سوود بە جەستە بگەیێنێت؟
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی باسی بەکتریا یان (میکرۆب)ـە سوودبەخشەکانی جەستە دەکات و دەڵێ، هەموو بەکتریایەکان زیانبەخش نین و لە راستیدا زۆربەیان پێویستن بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ. ئەم وردەزیندەوەرە بەسوودانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرگری، هەرسکردن، میتابۆلیزم و هاوسەنگی فیزیۆلۆژیی گشتیدا.
هەڵۆ سیراجەدین، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژیی پزیشكی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترینی بەکتریا سوودبەخشەکان لەم شوێنانەی جەستەدا دەژین؛
- کۆئەندامی هەرس (ریخۆڵە)
- پێست
- نێو دەم
- کۆئەندامی هەناسەدان
- کۆئەندامی زاوزێ و میزەڕۆ
هەڵۆ سیراجەدین باسی سوودەکانی ئەو بەکتریایانەش دەکات، بەم شێوەیە؛
1- باشترکردنی هەرسکردن و هەڵمژینی مادە خۆراکییەکان؛ هەندێک بەکتریا یارمەتیدەرن لە تێکدانی کاربۆهیدرات، ریشاڵ و پڕۆتینی ئاڵۆز کە ئەنزیمەکانی مرۆڤ ناتوانن هەرسیان بکەن.
2- دروستکردنی ڤیتامین؛ بەتایبەت ڤیتامینەکانی K و B تەنانەت فۆڵیک ئەسیدیش.
3- پەرەپێدان و رێکخستنی سیستمی بەرگری؛ بە رێگریکردن لە هەوکردن و پشتگیریکردنی بەرگرییەخانەکان، هەروەها بەهێزکردنی ریخۆڵە و بەرزکردنەوەی ترشێتیی شوێنەکانی جەستە لەپێناو رێگریکردن لە میکرۆبەکان.
4- رێکخستنی کێشی جەستە، شەکری خوێن و هاوسەنگکردنی هۆڕمۆنەکان؛ هەر بۆیە تێکچوونی بەکتریا سودبەخشەکان پەیوەندیی بە قەڵەوی، شەکرە و نیشانەکانی گۆڕانکاریی خۆراکەوە هەیە.
هاوکات ئەگەر بەکتریا سوودبەخشەکان تێکبچن چی روودەدات؟
- دووبارەبوونەوەی هەوکردن
- سکچوون
- هەوکردنەکانی ریخۆڵە
- نیشانەکانی گرژەکۆڵۆن
- هەستیاری و هەناسەتەنگی
- قەڵەوی و تێکچوونی زیندەچالاکیی جەستە
- لاوازیی بەرگریی جەستە
چۆنیەتیی پاراستنی بەکتریا سوودبەخشەکانی جەستە؛
* خواردنی پرۆبایۆتیکەکان (ماست، کەفیر و تەواوکەری خۆراکیی پڕۆبایۆتیک).
* خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پڕۆبایۆتیک (ریشاڵ، دانەوێڵەی تەواو، گوێز و مۆز).
* دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا بۆ پەتاکان یاخود بەبێ راوێژی پزیشک.
* پاراستنی خۆراکی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە سەوزە و میوەکان.
* کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی.
* خەوی رێک و تەواو.