نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: باوان سدیق بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستنەداوە

رووداو - تەندروستی

دوای ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی نەوجەوانێکی پۆلی 8 بنەڕەتی بە ناوی باوان سدیق بە "جەڵتەی دڵ" لە قەزای شارەزوور بڵاوبووەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و خێزانەکەی ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە و رایدەگەیێنن، هۆکاری مردنەکەی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە.
 
د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "باوان سدیق تووشی هەوکردنی پەردەی مێشکی ئاڵۆز بووە. دوو رۆژ لە نەخۆشخانەکە ماوەتەوە و دواتر گیانی لەدەستدا."
 
هەروەها ماڵباتی باوان سدیق دەڵێن، "چەند رۆژێک بوو باری تەندروستیی جێگیر نەبوو، پەتای وەرزی گرتبوو. دواتر کە بردمانە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، پێیان گوتین، بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە کۆچی دوایی کردووە."
 
د. کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ جەختی کردەوە کە جەڵتەی دڵ لەو تەمەنەدا حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و گوتی، "منداڵان لەو تەمەنەدا بە دەگمەن تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، بەڵکو ئەگەر مردنی لەناکاو رووبدات، چەند هۆکارێکی دیکەی هەیە، وەک نەخۆشیی سکماکیی کارەبای دڵ، ئەستووربوونی سکماکیی ماسوولکەی دڵ، یان کێشەی پێکهاتەیی لە خوێنبەرەکانی دڵدا."
 
د. کارزان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشکرد، "تووشبوون بە ڤایرۆس کە کاریگەری لەسەر ماسوولکەی دڵ هەبێت، یان قەڵەویی زۆر دەکرێت هۆکاربن بۆ راوەستانی دڵ، بەڵام جەڵتەی دڵ بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە لەو تەمەنەدا دەتوانرێت بگوترێت هەر روونادات."