د. کۆیان زاهیر: هەوکردنی پەردەی مێشک باوە و چارەسەرەکەی ئاسانە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاشکرای دەکات، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی باوە و چارەسەرکردنی ئاسانە، هاوکات جەخت لە گرنگیی پاکوخاوێنی دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی پەردەی مێشکی بەکتریایی دەبن، بە دەرمانی دژەهەوکردن چارەسەر دەکرێن، بەڵام جۆرێکی ئاڵۆزتری هەیە کە تەنیا پەردەکانی مێشک نا، بەڵکو ناوەوەی مێشکیش دەگرێتەوە.
 
سەبارەت بە حاڵەتی گیانلەدەستدانی منداڵێک بە نەخۆشییەکە، د. کۆیان زاهیر گوتی، "حاڵەتەکەی باوان سەدیق لەناکاو بوو و لە جۆری هەوکردنی پەردەی مێشکی ئاڵۆز بوو."
 
د. کۆیان زاهیر، رێنوێنیی دایکان و باوکان دەکات کە گرنگی بە خواردن و شێوازی ژیانی تەندروستی منداڵەکانیان بدەن و دەڵێت، "پاکوخاوێنی رێگری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک."