تەندروستیی چەمچەماڵ: کێشەی کەمیی پێداویستیی تاقیگەییمان هەیە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی قەزاکەوە، 5 هەزار هاونیشتمانیی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە دەشڵێت، "کێشەی کەمی دەرمانمان نییە، بەڵام پێداویستی تاقیگەمان کەمە."
د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ، 5 هەزار هاونیشتمانیی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە و 98 نەشتەرگەریی پەیوەست بە لافاوەکەش کراون."
سەبارەت بە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، د. نورەدین جەلال گوتی، "کێشەی کەمی دەرمانمان نییە، بەڵام لەوانەیە کاتی بێت و ماوەیەکی دیکە کێشەکە دروستببێتەوە. هەروەها کێشەی کەمیی پێداویستیی تاقیگەییمان هەیە."
بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان بەردەوامن لە خزمەتگوزارییەکانیان و گوتی، "تیمی گەڕۆکمان داناوە و سەرووی هەزار نەخۆشییان بینیوە."
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ داوا لە خێرخوازان دەکات هاوکارییان بکەن و دەڵێت، "بۆ هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکان، پێویستمان بە کۆمەڵێک ئامێری پزیشکییە و داوا لە خێرخوازان دەکەین ئامێرەکانمان بۆ دابین بکەن."