نزیکەی 11 هەزار کەس لە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ ناویان تۆمارکردووە

رووداو - تەندروستی

لە ماوەی 18 رۆژی راگەیاندنی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لەمساڵدا، نزیکەی 11 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە و سەتان کەسیش لەڕێگەی کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ وازیان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ هێناوە و سەرپەرشتی دەکرێن.
 
ئەمساڵ بۆ چوارەم ساڵ رووداو کامپەینی ئەنتیتۆباکۆی لە 1-1-2025 راگەیاند و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار و 800 کەس ناویان تۆمارکردووە، کامپەینەکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان وەکو بەشێک لە کامپەینەکە، کلینیکەکەش لە نەخۆشخانەی 'پار' لە هەولێر کرایەوە.
 
ئامانجی کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ پاراستنی هاونیشتمانییانە لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان و لە کلینیکەکە پزیشکی پسپۆڕی سینگ و هەناسە، پزیشکی گشتی و تیمی پەرستاریی راهێندراو هەن، هەروەها ئامێرە پزیشکییە پێویستەکان بۆ پشکنین و چارەسەری بەشداربووان دابینکراون.
 
بۆ ئەوەی بەشداریبکەیت پێویستە لەم فۆڕمە ناوت تۆماربکەیت، یاخود پەیوەندی بە 07513233353 یان 07713233353 بکەیت.