پزیشکێک لە هیندستان: وەرزی سەرما مەترسیی جەڵتەی مێشک زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
پزیشکان لە هیندستان هۆشداری دەدەن لە وەرزی زستاندا رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن.
د. سونیل کوتی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار لە نەخۆشخانەی نیوئێرا لە هیندستان، رایگەیاند: "کەشی سارد دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خەستبوونەوەی خوێن، کە بارودۆخێکی لەبار بۆ دروستبوونی کڵۆی خوێن دروست دەکات."
د. سونیل کوتی گوتی، "لە وەرزی زستاندا رێژەی تووشبوون بە جەڵتە لەنێو خەڵکی تەمەن 30 بۆ 65 ساڵ بە رێژەی 10% زیاد دەکات."
لای خۆیەوە د. ئارڤیند شارما پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، هۆشداری دەدات لە نیشانەکانی جەڵتەی مێشک و جەخت لەسەر گرنگیی کات دەکاتەوە و دەڵێت "گەیشتن بە نەخۆشخانە لە ماوەی کاژێری زێڕیندا کە (60 خولەکی یەکەمە) دەتوانێت مێشک رزگار بکات و رێگری لە کەمئەندامیی درێژخایەن بکات."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار جەخت لەوە دەکاتەوە نزیکەی 80%ـی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک لە رێگەی خۆپارێزی وەک: چاودێریکردنی پەستانی خوێن، وەرزشکردن، خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، خۆبەدوورگرتن لە جگەرەکێشان پشکنینی پێشوەختە ب دەتوانرێت پێشگیری لێبکرێت.