لە ئەفغانستان مەترسیی بەدخۆراکیی گشتی لەسەر منداڵان دروستبووە

رووداو - تەندروستی

لە ئەفغانستان مەترسیی جیدی لەسەر منداڵان دروستبووە و بەشێکی زۆریان بەدخۆراکن. بەپێی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، مانگانە زیاد لە 300 منداڵی بەدخۆراک لەو وڵاتە تۆمار دەکرێن.
 
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایدەگەیێنێت، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان ساڵانە ژمارەی منداڵانی بەدخۆراک زیاد بووە، تەنانەت مانگانە لە یەک ناوەندی خۆیان، 315 بۆ 320 منداڵ تۆمار کراون.
 
تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە لەو وڵاتە باڵادەستە و دەسەڵاتیان وەرگرتووە، زۆرترین قوربانییانی وڵاتەکەش خێزانە کەمداهات و هەژارنشینەکانن، کە بەهۆی وشکەساڵی و نەبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە دووچاری سەختی و بەدخۆراکی بوونەتەوە.
 
وارانگە نیعمەتی، خانمە پەرستارێکە لە وڵاتەکە و دەڵێت: زۆربەی بەدخۆراکەکان نیشتەجێی شوێنە دوورەکانن، کاتێک دەگەنە ناوەندە ، لە قۆناخی کۆتاییدان و چارەسەریان ئەستەمە.

جۆن ئایلیف، بەرپرسی بەرنامەی خۆراکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ئەفغانستان دەڵێ، ''تاوەکو ساڵی داهاتوو پێشبینی دەکرێت زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵ بەدخۆراک ببن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە 390 ملیۆن دۆلارە تاوەکو رێگری لەو کارەساتە بگرین و تووشبووان چارەسەر بکەین، ئێستا ئەو بودجەیە بەردەست نییە''.
 
یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی برسێتی، بەدخۆراکییە و ئەمانەش کاریگەرییەکانیەتی لەسەر جەستە؛
 
* لاوازبوونی بەرگریی جەستە
* کەمیی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان 
* قڵیشانی پێست 
* درەنگچاکبوونەوەی برین 
* کەمخوێنی
* ناڕێکیی کۆئەندامی هەرس
* وشکبوونەوەی جەستە
* تووشبوون بە هەوکردنەکان
* لاوازیی ئێسکەکان