لەڕێگەی تەکنەلۆژیایەکی نوێ بە 15 خولەک نەخۆشیی ئەڵزهایمەر دەستنیشان دەکرێت
رووداو - تەندروستی
پشکنینێکی 15 خولەکیی چاو کە لە رێگەی ئامێری (VR)ـەوە ئەنجام دەدرێت، دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییانەی بینین دەستنیشان بکات کە پەیوەستن بە تەندروستیی مێشکەوە، ئەمەش رێگە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی وەک ئەڵزهایمەر خۆش دەکات، تەنانەت پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی.
ئەم پلاتفۆرمە کە لەلایەن پزیشکانەوە لە سەنتەری چاوی زانکۆی کالیفۆرنیا-دەیڤس (UC Davis) پەرەی پێدراوە، توانای بینین، جیاکردنەوەی رەنگ، شێوە و کاردانەوەی بیلبیلەی چاو بۆ رووناکی دەپشکنێت، تەواوی پشکنینەکە نزیکەی 15 خولەک دەخایەنێت و ئەنجامەکان راستەوخۆ بۆ پزیشکی پسپۆڕ دەنێردرێن.
د. یین ئەلیسن لیو پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو و دەمار سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت "ئەم ئامێرە راستەوخۆ ئەڵزهایمەر دەستنیشان ناکات، بەڵام یارمەتیمان دەدات بۆ پشکنینی ئەو حاڵەتانەی بینین کە دەتوانن ئاماژەبن بۆ تێکچوونی ژیری، گۆشەیەکی دیکەمان دەبێت بۆ دەستنیشانکردن یان تەنانەت زووتر ئاشکراکردنی نەخۆشییەکە."
د. لیو دەڵێت: "توێژینەوە نوێیەکان دەریخستووە کە گۆڕانکاری لە شیکاریی بینیندا نزیکەی 10 بۆ 12 ساڵ پێش دەستنیشانکردنی فەرمیی نەخۆشیی ئەلزهایمەر روودەدات زۆربەی خەڵک ئەمە نازانن، ئێمە دەتوانین گۆڕانکارییەکانی بینین لە رێگەی پشکنینی چاوەوە ببینین، کە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی مێشک دەبن."