قایمقامیەتی سلێمانی: پێویستە سەرچاوەی هەموو رەنگێکی شەربەت بپشکنین

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت، شەربەتی لەکیسەکراو قەدەخەیە و ئێستا بە ئامێر دەخرێتە نێو بتڵەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-2-2026 هیوا ساڵح، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا جەخت لە سەرچاوەی خۆراکەکان دەکەنەوە بەتایبەت شەربەتە دەستکردەکان.
 
لەبارەی ئەو شەربەتە دەستکردانە هۆبەی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک شەربەتە دەستکردەکان کە لە مانگی رەمەزاندا فرۆشیان زیاد دەکات، قەدەخەن بفرۆشرێن و هەر کەسێکیش دروستیان بکات، سزا دەدرێت.
 
لەنێو رێنوێنییەکانی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیەدا هاتووە کە پێویستە شیرینی و لوقمەقازییەکانی سەر شەقام و دووکانەکان سەرداپۆشراو بن. ''ئەوەشی پابەند نەبێت، سزای یاسایی و دارایی دەدرێت''.
 
تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداری دەداتە خاوەن ساردەمەنییەکان
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە چەند خاڵێک هۆشداری دەداتە ساردەمەنییەکان و دەڵێ، پێویستە هەموو جۆرەکانی شیرینی و شەربەتەکان سەرچاوەی دروستکردنیان دیار بێت و لە شوێنە یاسایی و مۆڵەتپێدراوەکاندا دروستکرابن.