لە بەریتانیا جگەرەکێشان و ڤەیپ لە نزیک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان قەدەخە دەکرێت
رووداو - تەندروستی
حکومەتی بریتانیا راوێژێکی گشتی دەستپێکردووە بۆ فراوانکردنی ئەو شوێنانەی جگەرەکێشانیان تێدا قەدەخەیە، هەروەها ناساندنی شوێنی نوێ کە کێشانی ڤەیپ و تووتنیشیان تێدا قەدەخە دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی باشتر بۆ منداڵان و کەسانی لاواز لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی دووکەڵ.
لە پلانە نوێیەکە حکومەت بەنیازە جگەرەکێشان و ڤەیپ لە گۆڕەپانەکانی یاریی منداڵان و ناوەندەکانی خوێندندا قەدەخە بکات، هەروەها شوێنەکانی دەرەوەی ناوەندە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشخانەکانیش دەبنە شوێنی بێ جگەرە و ڤەیپ.
وێس ستریتینگ وەزیری تەندروستیی بریتانیا، رایگەیاند: "هیچ منداڵێک لە گۆڕەپانی یاریکردندا یان هیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەدا نابێت ئازار بچێژێت چونکە کەسێکی دیکە جگەرە دەکێشێت، دووکەڵی دەستی دوو مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکات و ئێمە دەمانەوێت منداڵان و نەخۆشەکان لە زیان بپارێزین."
پڕۆفیسۆر کریس ویتی سەرۆکی پزیشکانی ئینگلتەرا گوتی: "ئەو کەسانەی جگەرەناکێشن بەڵام بەرکەوتەی دووکەڵی دەستی دوو دەبن، دەکرێت کاریگەریی زیانبەخشی بەرچاویان لەسەر تەندروستییان هەبێت، لەوانە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە رەبۆ، شێرپەنجە، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ. مەترسییەکان بۆ منداڵان، خانمانی دووگیان و کەسانی خاوەن نەخۆشیی درێژخایەن زیاترن."
ئەم پێشنیازانە بەشێکن لە پلانی 10 ساڵەی تەندروستیی حکومەت بۆ گۆڕینی سەرنجی سیستمی تەندروستیی نیشتمانی (NHS) لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەوە بۆ خۆپارێزی و رووبەڕووبوونەوەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی نەخۆشی، پێشبینی دەکرێت یاساکە لانیکەم 6 مانگ دوای پەسەندکردنی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.