توێژینەوەیەک: خۆراکی ناتەندروست ئاستی ژیریی منداڵان کەم دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە کە شێوازی خۆراکی منداڵان لە تەمەنی دوو ساڵیدا پەیوەندیی بە توانای ژیرییانەوە هەیە.
 
زانکۆی ئیلینۆی لە ئەمریکا دوو شێوازی سەرەکیی خۆراکی لەنێو منداڵاندا دیاری کردووە: 
یەکەمیان "تەندروست"، کە پاقلەمەنی، میوە، سەوزە، خۆراکی تایبەت بە منداڵان و شەربەتی میوەی سروشتی لەخۆدەگرت. 
دووەمیان "ناتەندروست"، کە بریتی بوو لە خواردنی  نودلی خێرا، بسکیتی شیرین، شیرینی، خواردنەوە گازییەکان، هۆت دۆگ و گۆشتی ئامادەکراو.
دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی دوو ساڵیدا زیاتر پابەندی شێوازی خۆراکیی ناتەندروست بوون، لە تەمەنی 6 بۆ 7 ساڵیدا نمرەیەکی کەمتریان لە تاقیکردنەوەکانی زیرەکیدا (IQ) بەدەستهێناوە. 
 
د. تەینا فلۆرێس سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئیلینۆی دەڵێت: "پێویستە خێزانەکان خۆراکە ئامادەکراوەکان و خێراکان سنووردار بکەن."
 
د. تەینا فلۆرێس ئاماژە بەوەدەکات " لە توێژینەوەکە بۆمان دەرکەوتووە خۆراکی ناتەندروست کاریگەری خراپتری هەبووە لەسەر توانای ژیری لە منداڵانەی کە لەسەرەتای ژیاندا کێشیان زۆربووە و کێشەی باڵایان هەبووە."