تەندروستیی هەولێر لەسەر "ناچارکردنی" هاونیشتمانییەک بە کڕینی دەرمان دێتە دەنگ
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە هەولێر سکاڵا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت دەکات و دەڵێت، سەرەڕای پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ نەشتەرگەری، ناچار کراوە دەرمان لە دەرمانخانەی ناو نەخۆشخانەکە بکڕێت. بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکەش تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و تەندروستیی هەولێریش هۆشداری دەداتە نەخۆشخانە تایبەتەکان.
حەسەن مەجید، ئەو هاونیشتمانییەی کە هاوژینەکەی لە نەخۆشخانەی "ڤالیا" لە هەولێر نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ کراوە، بۆ رادیۆی رووداو باسی لە کێشەکەی کرد و گوتی: "شەوی رابردوو نەشتەرگەریمان هەبوو، نەخۆشەکەم دوو کاژێر بێ دەرمان مایەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کارمەندان دەیانگوت، دەبێت لە دەرمانخانەکەی خۆمان دەرمان بکڕن، ئەگینا دەرمانەکانی بۆ بەکارناهێنین."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی ملیۆنێک و 200 هەزار دیناری بۆ نەشتەرگەرییەکە داوە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردووە تێچووی دەرمانەکان نییە، بەڵکو "قۆرخکارییەکە"یە.
حەسەن دەڵێت: "مەعقول نییە ئەم قۆرخکردنەی دۆخی خەڵک. پێشتر لە هەمان نەخۆشخانە، نەشتەرگەریمان هەبووە و دەرمانمان لە دەرەوە دەهێنا و ئاسایی بوو، بەڵام ئێستا ناچارت دەکەن."
نەخۆشخانەی ڤالیا: هیچ کەس ناچار ناکرێت
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ڤالیا لە هەولێر، لەبارەی قسەکانی ئەو هاونیشتمانییە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هیچ نەخۆشێک ناچار ناکرێت دەرمان لە ناو نەخۆشخانە بکڕێت، هاونیشتمانیان ئازادن لە ناوەوە بێت یان لە دەرەوە، تەنیا مەرج ئەوەیە دەرمانەکە ستیکەری تەندروستی هەبێت."
بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەو نەخۆشخانەیە ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە نەخۆشێکی زۆر سەردانیان دەکەن و هیچ گرفتێکیان نییە، سەبارەت بەو هاونیشتمانییەش گوتی: "بابەتەکە بەو جۆرە نەبووە و هەر دوێنێ شەو روونکردنەوەی پێویستی پێدراوە."
تەندروستیی هەولێر: ئەوە نایاساییە
دکتۆر ئەحمەد پاڵانی، لێپرسراوی هۆبەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، جەختی لە نایاساییبوونی ئەو کارە کردەوە و بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "هیچ رێنماییەکی تەندروستی نییە رێگە بە نەخۆشخانە تایبەتەکان بدات نەخۆش ناچار بکەن تەنیا لە دەرمانخانەی خۆیان دەرمان بکڕێت. هەموو کەسێک ئازادە لە هەر شوێنێک بێت دەرمان بکڕێت."
دکتۆر ئەحمەد پاڵانی هۆشداری دا کە ئەگەر هەر هاونیشتمانییەک سکاڵایەکی هەیە، با بە فەرمی لای ئێمە سکاڵاکەی تۆمار بکات، ئەوا "تەندروستیی هەولێر لیژنەی پشکنین دەنێرێتە سەر نەخۆشخانەکە بۆ لێکۆڵینەوە و سزادان." گوتیشی کە ئەوان پشتگیری لە مافی هاووڵاتیان دەکەن، هاونیشتمانییان ئازادن نرخی کوێ بە گونجاو دەزانن دەرمان لەو شوێنە بکڕن جا لە نەخۆشخانەکان بێت یان دەرەوەی نەخۆشخانەکان.